دۆڵەمەری بۆ KDP: هەرێمی کوردستان فاکتەری سەقامگیری و کلیلی ئارامییە لە ناوچەکەدا

پاریس-KDP.info- نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا، جەخت لە پێگە و ڕۆڵی ستراتیژیی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە لە هاوکێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا و ڕایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە بەهێزکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی و وەک چەقێکی گرنگی بڕیاردان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەردەکەوێت، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو متمانە گەورەیەیە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستانی هەیە.
عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "هەرێمی کوردستان هەمیشە وەک لایەنێکی کاریگەر و ئاشتیخواز ڕۆڵێکی سەرەکیی لە چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ناوچەکەدا بینیوە. ئەم پێگەیەش بەرەنجامی سیاسەتی حەکیمانەی جەنابی سەرۆک بارزانی و هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆکی هەرێمی كوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ لێکنزیککردنەوەی لایەنەکان و چەسپاندنی زمانی دیالۆگ."
دۆڵەمەری ئاماژەی بەوەش کرد، کە وڵاتانی زلهێز وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی ئەورووپا بە تەواوی درکیان بەو ڕاستییە کردووە کە هەرێمی کوردستان فاکتەری سەقامگیرییە و جیهانیش دەزانێت کوردستان کلیلی ئارامییە لە ناوچەکەدا."
نوێنەری حکوومەت باسی لەوە کرد، کە فەڕەنسا وەک دۆستێکی مێژوویی، هەمیشە پاڵپشت و داکۆکیکار بووە لە قەوارەی هەرێمی کوردستان. پاراستنی ئارامی و گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان لای فەڕەنسا بایەخێکی باڵای هەیە، چونکە ئەوە نەک تەنیا لە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان، بەڵکو لە بەرژەوەندیی ئاسایشی نێودەوڵەتی و کۆی ناوچەکەشدایە.
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا دەشڵێ: "هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە بەهێزکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی و وەک چەقێکی گرنگی بڕیاردان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەردەکەوێت، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو متمانە گەورەیەیە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستانی هەیە.
بڵند ئیبراهیم




