٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بەیاننامەیەک سەبارەت بە پێشهاتە مەترسیدارەکان بڵاو دەکاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت، کە دۆخی سووریا چووەتە قۆناغێکی زۆر ھەستیارەوە. بۆیە بانگەوازێکی ڕوون لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەین کە بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی خۆیان لە ئەستۆ بگرن و ھەنگاوی بەپەلە بنێن بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل لە ڕۆژئاوا.

بەیاننامەکەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق:-

بە نیگەرانییەکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ پێشھاتە مەترسیدارەکانی ڕۆژئاڤا و باکوور و ڕۆژھەڵاتی سووریا دەکەین، داتا مەیدانی و سیاسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دۆخی سووریا چووەتە قۆناغێکی زۆر ھەستیارەوە، ھاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی توندوتیژی و سەرھەڵدانەوەی ئایدیۆلۆژیای توندڕەو مەترسییەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و بوونی گەلی کورد و ھەموو پێکھاتەکانی دیکە دروست دەکات.

بەردەوامبوونی ئەم دۆخە، بازنەیەکی نوێی قەیران دروست دەکات و سیاسەتەکانی زۆرەملێ و ئینکاری و ھەوڵدان بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و کولتووری بەرھەم دەھێنێتەوە، سیاسەت گەلێک کە قبووڵ ناکرێت و دژی بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ و پێکەوەژیانی ئاشتیانەن، بۆیە جەخت لەسەر پێویستی ھەموو ھەوڵێک دەکەینەوە بۆ ڕێگریکردن لە فراوانبوونی توندوتیژی و کۆتاییھێنان بە سیاسەتی سڕینەوە و نکۆڵیکردن و وەستاندنی ھەر کردارێک کە ئامانجی سڕینەوەی ناسنامە یان سەپاندنی ئەمری واقع بێت.

بە پشتبەستن بە بەرپرسیارێتی و ئەرکی پەرلەمانی و نیشتمانیمان، بانگەوازێکی ڕوون لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەین کە بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی خۆیان لە ئەستۆ بگرن، وە ھەنگاوی بەپەلە بنێن بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل لە ڕۆژئاڤا، ھەروەھا پشتیوانی لە پرۆسەیەکی سیاسی دادپەروەرانە بکەن کە مافەکانی گەلی کورد و ھەموو پێکھاتەکانی دیکە دەستەبەر بکات و سەقامگیری و ئارامی لە ناوچەکەدا بەرەوپێش ببات.

ئایندەی سووریا ناتوانرێت لەسەر توندوتیژی یان ئینکاری بنیات بنرێت، بەڵکو لەسەر دیالۆگ و دانپێدانانی یەکتر و ڕێزگرتن لە فرەچەشنی نەتەوەیی و کولتووری و دەستەبەرکردنی دادپەروەری و کەرامەت بۆ ھەمووان بونیاد دەنرێت.

 

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق

هەواڵی پەیوەندیدار