سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ سەرۆکی ئەرمەنستان کۆبووەوە

سویسرا-KDP.info- مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس، لەگەڵ ڤاهاگن خاچاتوریان، سەرۆککۆماری ئەرمەنستان کۆبووەوە.
لە دیدارەکەدا، هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییە دوولایەنەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەرمەنستان کرد. هاوکات تیشک خرایە سەر دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و گرنگیی هەماهەنگیی بەردەوام بۆ پاراستنی سەقامگیری.
بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، سەرۆککۆماری ئەرمەنستان سوپاسی مەسروور بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پشتیوانیکردن و پاراستنی مافەکانی پێکهاتەی ئەرمەن لە هەرێمی کوردستان، کە وەک نموونەیەکی جوانی پێکەوەژیان لە ناوچەکەدا دەبینرێت.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، ڤاهاگن خاچاتوریان بانگهێشتی فەرمی ئاراستەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ ئەوەی لە کاتێکی گونجاودا سەردانی یەریڤانی پایتەختی ئەرمەنستان بکات، بە مەبەستی زیاتر برەودان بە پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی نێوان هەردوولا.





