سەرۆکی حکوومەت و سەرۆککۆماری ئازەربایجان کۆبوونەوە، کونسوڵخانەی ئازەربایجان لە هەولێر دەکرێتەوە

سویسرا-KDP.info- لە پەراوێزی کۆڕبەندی داڤۆس، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆککۆماری ئازەربایجان کۆبووەوە و هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کردەوە، هاوکات سەرۆکی ئازەربایجان ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ کردنەوەی کونسوڵخانە لە هەولێر نیشان دا.
ئەمڕۆ سێشەممە 20ـی کانوونی دووەم، لە شاری داڤۆسی سویسرا، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئیلهام عەلییێڤ، سەرۆککۆماری ئازەربایجان کۆبووەوە.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کرا، بەتایبەتی لە بواری وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا.
سەرۆکی ئازەربایجان ئاماژەی بە پەیوەندیی لەمێژینە و دۆستانەی نێوان هەردوو گەلی ئازەربایجان و کوردستان کرد. هەر لەو چوارچێوەیەشدا بانگهێشتی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ سەردانکردنی باکۆ، هەروەها ئامادەییی وڵاتەکەی بۆ کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتیی ئازەربایجان لە شاری هەولێر دەربڕی.
لای خۆیەوە سەرۆکی حکوومەت، خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ پتەوکردنی هاریکاری و هەماهەنگیی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئازەربایجان دووپات کردەوە.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی دۆخی گشتیی ناوچەکە و بەتایبەتی پەرەسەندنەکانی سووریا. لەمبارەوە سەرۆکی حکوومەت نیگەرانیی خۆی لەبارەی شەڕ و پەرەسەندنە سەربازییەکان دەربڕی.





