٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیوا مزووری بۆ KDP: هێزەکانی عێراق کەوتوونەتە ئینزار و بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادەن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، کە تێکچوونی دۆخی ئەمنیی سووریا و ئازادبوونی زیندانیانی داعش، مەترسییەکی گەورە بۆ سەر عێراق دروست دەکات و بۆ ئەو مەبەستەش هێزە ئەمنییەکان لەوپەڕی ئامادەباشیدان.

لیوا فایق مزووری، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "ئازادبوونی چەکدارانی داعش لە زیندانەکانی سووریا هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە. لە بەرامبەر ئەمەدا، هێزە ئەمنییەکانی عێراق کەوتوونەتە ئینزار و تەواوی سنوورەکان بە شێوەیەکی تۆکمە کۆنترۆڵ کراون."

مزووری ئاماژەی بەوەش کرد، کە عێراق بەدرێژایی سنوورەکان هێزی زیاتری جێگیر کردووە و کامێرای چاودێریی پێشکەوتووی داناوە. گوتیشی: "ئێستا سەرجەم هێزەکان لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ چاودێریکردنی جووڵەی ئەو زیندانیانە و زانینی ئامانجەکانیان. هەرچەندە تا ئێستا دیار نییە هاتوونەتە ناو خاکی عێراق یان نا، بەڵام چاوکراوەییەکی زۆر هەیە بۆ ڕێگریکردن لە هەر دزەکردنێک."

نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان جەختی کردەوە، کە تێکچوونی دۆخی سووریا ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر عێراق دەبێت، چونکە بەشێکی زۆری ئەو داعشە زیندانیکراوانە عێراقین. هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە "هاتنیان بۆ ناو عێراق زۆر ئەستەمە بەهۆی قایمکردنی سنوورەکان، لەگەڵ ئەوەشدا، مەترسییەکە بە هەند وەرگیراوە و عێراق لە ڕووی هەواڵگرییەوە خۆی بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادە کردووە."

 

بڵند ئیبراهیم 

هەواڵی پەیوەندیدار