وەزیر بۆ KDP باسی ئەو وەرچەرخانە مێژووییە بۆ گۆڕینی شێوازی کلاسیکی وانەوتنەوە دەكات

هەولێر-KDP.info- وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، وەکو هەرێمی کوردستان بۆ یەکەمجار سیستەمێکی پەروەردەیی مۆدێرن جێبەجێ دەکەین کە تێیدا ژیریی دەستکرد (AI) و تاقیگەی خەیاڵی دەبنە بەشێک لە پرۆسەی وانەوتنەوە.
دکتۆر ئاڵان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "پڕۆژەی (قوتابخانەی من) بە هاوبەشی لەگەڵ (کوردستان فاوندەیشن) ڕاگەیەندراوە. ئەم پڕۆژەیە وەرچەرخانێکی مێژووییە بۆ گۆڕینی شێوازی کلاسیکی وانەوتنەوە، کە تێیدا سمارت بۆرد (تەختەی زیرەک) دەبێتە جێگرەوەی تەختە ڕەشە و تەکنەلۆژیای ئەنیمەیشن و ژیریی دەستکرد دەکەونە خزمەت قوتابیان."
وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم سیستەمە تەنها بۆ ئاسانکاری نییە، بەڵکو ئاستی تێگەیشتنی قوتابی بەرز دەکاتەوە. گوتیشی: "بوونی تاقیگەی دیجیتاڵی بۆ وانە زانستییەکان، ڕێگا بە قوتابی دەدات بە تێچوویەکی کەم و بەبێ هیچ مەترسییەک، هەموو تاقیکردنەوەکانی کیمیا و فیزیا لەناو پۆلەکەیدا بە شێوەی خەیاڵی (Virtual Lab) ئەنجام بدات."
سەبارەت بە قۆناغەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، دکتۆر ئاڵان ڕایگەیاند: "پڕۆژەکە لە ٢٥٠ پۆلی خوێندن لە کۆمەڵگەی بارزانی نەمر دەستی پێکردووە. پلانی وەزارەتمان ئەوەیە بۆ ساڵی داهاتوو ئەم پڕۆژەیە فراوان بکەین و لە هەزار قوتابخانەی دیکەی هەرێمی کوردستان جێبەجێی بکەین، بۆ ئەو مەبەستەش کار لەسەر دابینکردنی سمارت بۆرد و پێداویستییە تەکنەلۆژییەکان بەردەوامە."
بڵند ئیبراهیم




