شاندی حکوومەتی هەرێمی كوردستان و وەبەرهێنەران بەرەو دافۆس بەڕێکەوتن

هەولێر-KDP.info- بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنەرانی کەرتی تایبەت، بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی (دافۆس)، بەرەو وڵاتی سویسرا بەڕێکەوتن.
شاندەکە کە لە چەندین وەبەرهێنەری ناسراو و نوێنەرانی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان پێکهاتووە، بە یاوەری دکتۆر محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان گەشتەکەیان دەستپێکرد. ئەم بەشدارییە هاوکاتە لەگەڵ ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندەکەدا، کە بڕیارە زنجیرەیەک دیداری گرنگی ئابووری، سیاسی و دیپلۆماسی لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان ئەنجام بدات.
ئەم بەشدارییە لە کاتێکدایە کە کۆڕبەندی دافۆس ٢٠٢٦ (١٩ تا ٢٣ی کانوونی دووەم) بە یەکێک لە قەرەباڵغترین خولەکان دادەنرێت و تێیدا زیاتر لە ٦٥ سەرۆک دەوڵەت و ١٧٠٠ سەرکردەی بزنس ئامادە دەبن. بوونی شاندێکی وەبەرهێنەران لەگەڵ سەرۆکی حکوومەت، پەیامێکی ڕوونە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ هاوبەشییە ستراتیژییەکان و پاراستنی سەقامگیری ئابووری لە ناوچەکەدا.




