"وەرچەرخانی گەورە لە ژێرخانی گەشتیاریی هەرێم کراوە"

ھەولێر-KDP. info- بەرپرسانی گەشتوگوزاری حكوومەتی كوردستان، دەڵێن "ڕێژەی گەشتیاری زستانە بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، حكوومەت وەك كەرتێكی سەرەكی دەیبینێت، بایی حەوت ملیار و 500 ملیۆن دۆلار پڕۆژەی گەشتیاری جێبەجێ كراوە، هەروەها گەشتیاری نێودەوڵەتی بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە."
ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند "سروشتی كوردستان بەجۆرێكە گەشتیاری چواروەرزەییە، حكوومەتی هەرێمیش پلانی بووە لە كابینەی نۆ، پلانی گەشتیاری یەك وەرزە بگۆڕین بۆ تەواوی وەرزەكانی ساڵ و گەشتیارانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بێنە كوردستان."
ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتی "لەپاڵ سێكتەری كشتوكاڵ و پیشەسازی، كەرتی گەشتیاری لای حكومەت لەپێشترە، لە ماوەی 5 ساڵدا، حەوت ملیار و زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلار، پڕۆژەی وەبەرهێنانی گەشتیاری جێبەجێ كراوە، چالاكییە گەشتیارییەكانمان فرە چەشن بوون، ئاسانكاری تەواو بۆ گەشتیاران كراوە و گەشتیاری نێودەوڵەتی پێویستی بە فیزای پێشوەختە نییە."
دەشڵێ "ژێرخانی كەرتی گەشتیاری، فراوانبوونی چالاكییە گەشتیارییەكان و ڕێژەی گەشتیاری زستانە لە ساڵدا بەرز بووەتەوە بۆ %15 كۆی گەشتیار، %25 گەشتیاری نێودەوڵەتییمان هەیە، ساڵانە چالاكی گەشتیاریی زستانە ئەنجامدراون، ئێستاش لەڕێگای بەڕێوەبەراییەتییەكانەوە، ئامادەكاری كراوە چالاكی لە ئیدارەی سۆران بە شێوەیەكی فراوان و فیستیڤاڵی خلیسكانەی سەر بەفر ئەنجام بدرێت، هەروەها لە سلێمانی و دهۆك چالاكییمان دەبێت."
لەڕێگای كۆمپانیا گەشتیارییەكانەوە هەوڵدراوە گەشتیاران بۆ كوردستان بهێنن و پاگێج دروست كراوە، تەنیا لە پشووەكانی سەری ساڵ، زیاتر لە 200هەزار گەشتیارمان هەبووە، گەشتیاران خۆشحاڵبوون كە ئەمساڵ بەفرێكی زۆر باریوە و ڕوویان لە ناوچە گەشیارییەكان دەكرد" گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار وای گوت.
گوتیشی "وەرزی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو هاتنی گەشتیاری زستانە زیاترە، بەهۆی ئەو دوو شەپۆلی بەفرەی ڕووی لە كوردستان كردبوو، هەروەها بەپێی قسەی كەشناسی شەپۆلی تری بەفر بەڕێوەیە، ئەوەش وایكردووە زیاتر گەشتیاران ڕوو لە كوردستان بكەن."
گوتی "بەپێ داتا و زانیاریی كەرتی تایبەت و لیژنە مەیدانییەكانمان، ساڵی ڕابردوو ڕێژەی هاتنی گەشتیاران دڵخۆشكەر بوو و لە كاتەكانی ساڵدا، هەموو شوێنەكانی گەشتیاریی پڕبوون لە گەشتیار."
عەزیز ڕەسووڵ




