٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. کوردستان بۆ KDP باسی ١٠٠ ساڵەی کاروانە مێژووییەکەی موکریانییەکان دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- د. کوردستان موکریانی، کچی نووسەر و ڕووناکبیر (گیو موکریانی)، لە یادی ١٠٠ ساڵەی دامەزراندنی چاپخانەی "کوردستان"دا لە ڕواندز، باس لەو سەردەمە دەکات کە ئەم چاپخانەیە بووە تاقە زمانحاڵی گەلی کورد، ئەو لەم چاوپێکەوتنەدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، تیشک دەخاتە سەر یەکەمینەکانی ئەو سەردەمە لە کڕینی چاپخانەکە لە ئەڵمانیا و هێنانی یەکەم کامێرا بۆ باشووری کوردستان، تا دەگاتە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی حوسێن حوزنی موکریانی لەگەڵ ڕۆژهەڵاتناسانی جیهان، وەک: مینۆرسکی، نیکتین و کارل هەدەنگ و...

‏پ/ وەک دەزانن بەرەو یادی ١٠٠ ساڵەی چاپخانەی "کوردستان" دەچین، دەکرێت سەرەتای دەسپێکی ئەم مێژووەمان بۆ بگێڕیتەوە؟

​د. کوردستان موکریانی: بێگومان، ئەم مێژووە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩١٥، کاتێک حوسێن حوزنی موکریانی مامم، چاپخانەیەکی لە شاری حەلەب دامەزراند. ئەو کاتە حەلەب زۆرینەی کورد بوو، بەڵام بەداخەوە ئێستا وای لێهاتووە کە تەنیا دوو گەڕەکی تێدا ماوە و ئەوەشیان پێ ڕەوا نابینرێت. دوای دابەشبوونی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، حوزنی موکریانی بەهۆی چالاکییە سیاسی و نەتەوەییەکانی لە ژێر سایەی فەڕەنسییەکاندا فشاری لێکرا و ناچار بوو حەلەب جێبهێڵێت.

‏پ/ ‏​بۆچی باشووری کوردستانی هەڵبژارد بۆ نیشتەجێبوون و کارکردن؟

​د. کوردستان موکریانی: لەو سەردەمەدا وا بڵاو کرایەوە کە لە باشوور ئۆتۆنۆمی بە کورد دەدرێت، بۆیە مامم لەگەڵ گیو موکریانی باوکم لە ساڵی ١٩٢٥ ڕوویان لە بەغدا کرد. لەوێشەوە لە ساڵی ١٩٢٦ چوونە ڕەواندز، چونکە لە سلێمانی و کەرکووک ئەو چاپخانە هەبوون، کە ئینگلیز لە هیندستانەوە هێنابوونی. ئەوان ویستیان لە دەڤەرێکی نوێ خزمەت بکەن. لە ٢٥ی ئایاری ١٩٢٦دا، یەکەم ژمارەی گۆڤاری "زاری کرمانجی"یان لە ڕەواندز بڵاو کردەوە، کە ئێستا زانکۆی سۆران سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ سازدانی کۆنفرانسێک لەو یادەدا.

‏پ/‏​ ڕۆڵی حوسێن حوزنی موکریانی لەناو ئەم پڕۆژە نەتەوەییەدا چۆن بوو؟

​د. کوردستان موکریانی: ئەو مرۆڤێکی زۆر دەگمەن بوو، خۆی وتاری دەنووسی، هەواڵ و ڕیپۆرتاژی ئامادە دەکرد، جگە لە کوردی، شارەزاییەکی تەواوی لە زمانەکانی عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی و فەڕەنسی هەبوو، تەنانەت بە دەستی خۆی پیتەکانی چاپخانەکەی دەچنی، هەموو ماڵ و سامانی خۆی لە پێناو ئەم چاپخانەیە دانا و هیچ کات بازرگانی پێوە نەکرد، سەرەتای ڕۆژنامەگەریی کوردی لە هەولێر لەسەر دەستی ئەم دوو برایە بووە.

‏پ/ ‏​جگە لە چاپەمەنی، دەگوترێت باوک و مامت پێشەنگ بوون لە بواری تریشدا، بۆ نموونە پرسی کامێرا؟

​د. کوردستان موکریانی: بەڵێ، ئەوان یەکەم کەس بوون ئامێری چاپ و ئامێری کامێرایان هێنایە باشووری کوردستان، چاپخانەکە پێویستی بە وێنە هەبوو بۆ بڵاوکراوەکانی، بۆیە دەیان و سەدان وێنەی سەرکردە و کەسایەتییە ناودارەکانی ئەو سەردەمەیان گرتووە، ئێمە تا ئێستاش چاپخانەکەی ساڵی ۱۹۱٥ و بەشێک لەو وێنانەمان وەک میراتێکی نەتەوەیی و نیشتمانی لای خۆمان پاراستووە.

‏پ/ ‏​پاشان چاپخانەکە چۆن گوازرایەوە بۆ هەولێر؟

​د. کوردستان موکریانی: لە ساڵی ١٩٤٨دا، باوکم (گیو موکریانی) چاپخانەکەی گواستەوە بۆ هەولێر و ناوی نا "چاپخانەی کوردستان" و بە ناوی کۆماری کوردستانەوە ناوزەدی کرد، لەوێش بەردەوام بوو لە چاپی ئەو کتێبانەی کە هەموویان لە خزمەت زمان و ئەدەبی کوردیدا بوون.

‏پ/ ‏​وەک کۆتایی، چاوەڕوانیتان بۆ ئەم یادە پڕ بایەخە چییە؟

​د. کوردستان موکریانی: من چاوەڕێم یادی ١٠٠ ساڵەی بە شکۆیەکی زۆرەوە لە سۆران بکرێتەوە، ئەم گۆڤارە تەنیا کاغەز نەبوو، بەڵکو زمانحاڵی کورد بوو لە ڕۆژگارە سەخت و ئەستەمەکاندا، ناوەڕۆکەکەی پڕ بوو لە بابەتی سیاسی، زانستی و کۆمەڵایەتی کە هەموو ئەمانە تەنیا یەک ئامانجیان هەبوو، ئەویش پتەوکردنی خۆشەویستیی نیشتمان بوو.

 

 دیمانە: ​سەلاح جەلال

 

هەواڵی پەیوەندیدار