سەندیكای كرێكاران بۆ KDP: بڕیاری زیادكردنی مووچەی ژینگەپارێزان هەنگاوێكی مێژوویی و گرنگە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی سەندیكای كرێكارانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بڕیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ زیادكردنی مووچەی مانگانەی ژینگەپارێزان جێگەی دەستخۆشییە و هەنگاوێكی گرنگە بۆ هاوتاكردنی مافەكانیان لەگەڵ كەرتی تایبەت.
هەنگاو عەبدوڵڵا خان، سەرۆكی سەندیكای كرێكارانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "بڕیاری حكوومەتی هەرێم بۆ زیادكردنی مووچەی ژینگەپارێزان لە ٣٨٥ هەزار دینارەوە بۆ ٤٥٠ هەزار دینار، هەنگاوێكی زۆر باشە. بەمەش مووچەی ئەم چینە هاوشێوەی كرێكارانی دیكەی كەرتی تایبەتی لێ دەكرێت."
سەرۆكی سەندیكا ئاماژەی بەوەش كرد كە بەپێی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی، پێشتر كەمترین مووچەی كرێكارانی ناكارامە ٢٨٥ هەزار دینار بوو، دواتر بە چەند قۆناغێك بەرزكرایەوە، تا ساڵی ڕابردوو كرا بە ٤٥٠ هەزار دینار. گوتیشی، "ئێستا حكوومەتی هەرێم بڕیاری داوە ئەم زیادكردنە كرێكارانی ژینگەپارێزیش بگرێتەوە، كە ئەمە بڕیارێكی پڕ بایەخە و لە بەرژەوەندیی ئەواندایە."
هەنگاو عەبدوڵڵا خان جەختی لەوەش كردەوە كە ئەم بڕیارە دەبێتە ئیلزام بۆ خاوەنكارەكان و چیتر ناتوانن لەو بڕە كەمتر بە ژینگەپارێزان بدەن. ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، "ئەم زیادكردنە سوودی بۆ خانەنشینبوونی كرێكارانیش دەبێت؛ چەند مووچەی ئێستایان زیاتر بێت، لە داهاتوودا مووچەی خانەنشینییان بەرزتر دەبێتەوە. بۆیە ئێمە وەك سەندیكا، بەتەواوی پشتگیری لەم هەنگاوە مرۆیی و یاساییەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین."
بڵند ئیبراهیم




