دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ئاوارەکانی حەلەب بەردەوامە

ھەولێر-KDP.info- دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوامە لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییە بەپەلەکان بۆ ئاوارەکانی هەردوو گەڕەکی "ئەشرەفیە" و "شێخ مەقسوود" لە حەلەب، کە بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە زیاتر لە ٣٠ هەزار خێزان ئاوارە بوون.
ڕەوا حاجی، بەرپرسی کاروباری سوریا لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "تەنها لە پێنج ڕۆژی ڕابردوودا، هاوکاری گەیەنراوەتە ١٤ هەزار و ٤٢٨ کەس. هاوکارییەکان هەمەجۆر بوون و پێکهاتوون لە:
دابینکردنی ژەمی خواردنی گەرم و خێرا.
دابەشکردنی جلوبەرگ و پێداویستی زستانە.
پێشکەشکردنی پاڵپشتی دەروونی و یارمەتی پزیشکی لە ڕێگەی تیمە گەڕۆکەکانەوە."
ئاماری خزمەتگوزارییەکان:
١٤,٤٢٨ کەس سوودمەند بوون.
١,٥٠٠ سەلەی خۆراکی خێرا.
٥ تیمی تەندروستی گەڕۆک.
لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا، ئاماژەی بەوە کرد کە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، نزیکەی ١,٥٠٠ خێزان بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە گەڕاونەتەوە بۆ گەڕەکەکانی خۆیان لە حەلەب، کە لە کاتی گەڕانەوەیاندا لەلایەن دەزگاوە سەلەی خواردنی خێرایان پێشکەش کراوە.
بەپێی دوایین ئامارەکان، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی حەلەبەوە تا هەشتی ئەم مانگە ٢٧ هەزار و ٧٥٠ خێزان (کە دەکاتە نزیکەی ١٣٩ هەزار کەس) ئاوارە بوون، کە زۆرینەیان ڕوویان لە ناوچەی عەفرین کردووە و دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەوێش خزمەتگوزارییە تەندروستی و مرۆییەکانی بۆ بەردەوام کردوون.




