وەزارەتی کار بۆ KDP: هەرێم لە گۆڕانکارییەکانی بازاڕی کاردا هاوتای جیهانی پێشکەوتووە

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕایدەگەیەنێت، بازاڕی کار لە هەرێمی کوردستان لە قۆناغی تەقلیدییەوە بەرەو قۆناغی دیجیتاڵی هەنگاوی ناوە و دەڵێت، ئێستا زۆرینەی گەنجان لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە دەگەنە خاوەنکارەکان.
پەیوەست بەو وەرچەرخانەی کە لە شێوازی کاردۆزینەوەدا لە جیهان ڕووی داوە، زەکیە سەید ساڵح، بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "پەیداکردنی کار لە جیهاندا گۆڕاوە و هەرێمی کوردستانیش لەو گۆڕانکارییەدا پێشەنگە. گەشەکردنی تەکنەلۆژیا وای کردووە هاووڵاتیان بێ ئەوەی پێویستیان بە سەردانی مەیدانی بێت، لە ڕێگەی سەکۆ ئەلیکترۆنییەکانەوە پێداویستییەکانیان دابین بکەن و کار بدۆزنەوە."
بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی سێ خاڵی سەرەکی لە ستراتیژی نوێی وەزارەتەکە دەخاتەڕوو کە بریتین لە: کارئاسانی دیجیتاڵی: هاندانی گەنجان بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا وەک ئامرازێکی خێرا بۆ گەیشتن بە کۆمپانیاکان.
ڕاهێنانی پیشەیی: وەزارەت لە ڕێگەی سەنتەرەکانییەوە ساڵانە دەرچووانی زانکۆ فێری ئەو پیشانە دەکات کە بازاڕی کار لە ئێستادا پێویستی پێیەتی.
هەماهەنگیی کەرتی تایبەت: دروستکردنی پردێکی پەیوەندی لە نێوان شارەزایی گەنجان و خواستەکانی کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکان.
"ئامانجمان ئەوەیە گەنجی ئێمە تەنیا چاوەڕێی دەرفەت نەکات، بەڵکو لە ڕێگەی ئەو خولە پیشەییانەی دەیانکەینەوە، خۆیان ببنە خاوەن پڕۆژە و هەلی کار بۆ کەسانی دیکەش بڕەخسێنن." زەکیە سەید ساڵح وای گوت.
قائید میرۆ




