ئومێد خۆشناو: حکوومەت گرنگییەکی زۆر بە پرسی مافەکانی مرۆڤ و سەروەریی یاسا دەدات

ھەولێر-KDP.info- سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ١٣-١-٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د. عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، کۆنفرانسی "ڕۆڵی پۆلیس لە جێبەجێکردنی یاسا و مافی مرۆڤ" بەڕێوەچوو.
کۆنفرانسەکە لە هۆڵی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، لەلایەن ڕێکخراوی "دیدار" بە هەماهەنگی لەگەڵ ئۆفیسی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان سازکرا. لە مەراسیمەکەدا ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا، ژمارەیەکی بەرچاو لە دادوەران، پلەدارانی سەربازی، پەرلەمانتاران و نوێنەری ڕێکخراوە ناوخۆیی و بیانییەکان ئامادە بوون.
لە وتەیەکدا، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر وێڕای دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی کۆنفرانسەکە، جەختی لەسەر ستراتیژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە و ڕایگەیاند، "حکوومەتی هەرێم گرنگییەکی زۆری بە پرسی مافەکانی مرۆڤ، دادوەری و سەروەری یاسا داوە. بەهێزکردنی دەزگاکانی پۆلیس لە چوارچێوەی ڕێبازی نیشتمانی، هەنگاوێکی گرنگە بۆ پەرەپێدانی ئەم دامەزراوە مەزنە."
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەو خول و ڕاهێنانە زانستییانە کرد کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە بۆ کارمەندانی پۆلیس ساز دەکرێن و گوتی، "ئەم خولانە بە مەبەستی هۆشیارکردنەوەی پۆلیسە بە یاسا گشتییەکان و پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ، تاوەکو بتوانرێت بە باشترین شێوە پارێزگاری لە مافە گشتییەکان لە هەرێمی کوردستاندا بکرێت."
هەروەها ئومێد خۆشناو ئومێدی خواست ئەم جۆره كۆنفرانسانه ببێتە هاندەر بۆ ئەوەی پۆلیس وەک ئەرکێکی پیرۆز بڕواننە پاراستنی یاسا و مافەکانی مرۆڤ. لە کۆتاییشدا جەختی کردەوە کە دامودەزگاکانی حکوومەت پابەندن بە دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی دەزگای پۆلیس و دامەزراوە ئەمنییەکان، لە پێناو باشترکردنی دۆسیەی ماف و ئازادییەکان و بەردەوامبوون لە چەسپاندنی سەقامگیریی گشتی لە هەرێمدا.






