دیلان عەبدوڵڵا بۆ KDP: دەبینە ستانداردی تایبەت بە خۆمان و هێماکانی هاتوچۆ مۆدێرن دەکرێت

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەندازەی هاتوچۆی هەرێم ئامار و دەرەنجامی کارەکانی لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا بڵاوکردەوە، کە تێیدا جەخت لەسەر مۆدێرنکردنی سیستەمی هێماکان و هێڵکاری شەقامەکان کراوەتەوە.
دیلان عەبدوڵڵا عومەر، بەڕێوەبەری گشتی ئەندازەی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان "لە ماوەی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، توانیومانە گۆڕانکاری ڕیشەیی لە شێوازی ئەندازەیی ڕێکخستنی شەقامەکاندا بکەین، بە جۆرێک کە گونجاو بێت لەگەڵ سروشتی جوگرافی هەرێم و ستانداردە جیهانییەکان."
بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی، لەم کابینەیەدا کۆی گشتی ٤٦ پڕۆژەی ئەندازەیی جێبەجێکراون کە پێکهاتوون لە:
دانانی ١٦,٢١٣ هێمای نوێی هاتوچۆ بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان.
ئەنجامدانی هێڵکاری بۆ ٢,٧٢٣ کیلۆمەتر لە شەقام و ڕێگە سەرەکییەکان.
دانانی ٤٥ کیلۆمەتر پەرژینی ئاسنین (گاردرێل) بۆ پاراستنی شۆفێران لە ڕووداوی لادان و وەرگەڕان.
دروستکردنی ٣ پردی پەڕینەوەی پیادە بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی پێکدادان.
گواستنەوە بۆ ستانداردێکی تایبەت بە کوردستان (مانۆڵی نیشتمانی)
بەڕێوەبەری گشتی ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان لە قۆناغی گواستنەوەدایە لە پەیڕەوکردنی ستانداردی کۆنی عێراقییەوە بۆ "مانۆڵێکی تایبەت بە کوردستان".
لەوبارەیەوە ڕوونی کردەوە، "بەهۆی جیاوازی تۆپۆگرافیای کوردستان کە ناوچەیەکی شاخاوییە و جیاوازە لە ناوەڕاست و باشووری عێراق، هەروەها گۆڕانکاری کەشوهەوا و بەفربارین، ئێمە دەستمان کردووە بە بەکارهێنانی ستانداردێکی نوێ. بۆ نموونە بەکارهێنانی ڕەنگی 'زەرد' لە هێماکاندا بۆ ناوچە بەفراوییەکان و ڕەچاوکردنی مافی پاسکیلسواران لە دیزاینە نوێیەکاندا، کە ئەمەش هەنگاوێکە بەرەو پێشکەوتنی زیاتری ڕێگەوبانەکانمان بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق."
سەبارەت بە گلەیی هاووڵاتیان لە زۆری و نەگونجاوی تاسەکان، بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕایگەیاند کە پلانێکی زانستییان هەیە بۆ لابردنی ئەو تاسانەی لەسەر ڕێگە خێراکان و دەرەوەی شار دروستکراون و بوونەتە هۆی مەترسی. لەمەودوا دانانی خاوکەرەوەکان (تاسە) تەنها لە شوێنە پێویستەکانی وەک بەردەم قوتابخانەکان، نەخۆشخانەکان و شوێنە گشتییە قەرەباڵغەکان دەبێت.
لە کۆتاییدا، ئەندازەی هاتوچۆی هەرێم داوا لە شۆفێران دەکات کە پابەندی مانای شێوە ئەندازەییەکانی هێماکان بن (بازنەیی بۆ قەدەغەکردن، سێگۆشە بۆ ئاگادارکردنەوە، لاکێشە بۆ ڕێنیشاندان)، چونکە ئەم هێمایانە زمانی هاوبەشی جیهانین بۆ پاراستنی سەلامەتی هەمووان.
دانا بۆتانی




