٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیری پەروەردە: ئەمساڵ هەزار قوتابخانە دەکرێنە دیجیتاڵی

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2026، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاندنی قۆناغی سێیەمی کارپێکردنی پلاتفۆڕمی دیجیتاڵی "قوتابخانەکەم"ی ڕاگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ "دامەزراوەی کوردستان فاوندەیشن" جێبەجێ دەکرێت.

د. ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە لە مەراسیمەکەدا گوتی، "لەگەڵ بەردەوامی سیستمی ئەلیکترۆنی بۆ کەرتی پەروەردە، کارمان کردووە بۆ ئەوەی قوتابخانەکانیش بەهەمان شێوە بە ئەلیکترۆنی بکرێن بەتایبەتی لە پۆلی دیجیتاڵیدا، ئێستا 40 قوتابخانه لە خوێندنی حکوومی کراونەتە دیجیتاڵی و ئەمساڵیش تا کۆتایی، هەزار قوتابخانە دەکرێنە دیجیتاڵی. 

وەزیری پەروەردە باسیشی لەوەکرد کە وەزارەتی پەروەردە کۆمەڵێک هەنگاوی دیکەی ناوە بۆ قوتابخانەکان وەک سیستمی وزەی خۆر بۆ کارەبا و بەیەکەوەبەستنەوەی نزیکەی دوو ملیۆن قوتابی لە چوارچێوەی هەڵسەنگاندن و وانە و مامۆستایان لێی سوودمەند دەبن. ئەوە جگە لە دەستەبەرکردنی زیرەکی دەستکرد بۆ قوتابیان.

د. ئالان حەمەسەعید گوتیشی، "لەڕێگەی ڕێکخراوی یونسکۆوە لەگەڵ زانکۆی کۆلۆڕادۆی ئەمه‌ریکی ڕێککەوتووین بۆ هەماهەنگی زانستی و پەرەپێدان، بەتایبەتی لە تاقیگەکاندا کە ئەوە ئەرکێکی قورس بوو لەسەر شانی حکوومەتی هەرێمی كوردستان. بەڵام لەو چوارچێوەیەدا بەخۆرایی تاقیگەکانمان بۆ ئامادە دەکەنەوە. 

پلاتفۆڕمی (ئی قوتابخانەکەم) سیستمێکی ئەلیکترۆنی پەروەردەییە کە هاوکاری قوتابیان و مامۆستایان دەدات لە فێرکردن و دەستگەیشتن بە زۆرترین سەرچاوەی پەروەردە و فێرکردن.

هەواڵی پەیوەندیدار