دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەڵمەتێکی گەورەی مرۆیی بۆ ئاوارەکانی حەلەب ڕادەگەیەنێت

ھەولێر-KDP.info- دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سۆنگەی بەها و بنەما مرۆییەکان بۆ هاوکاریکردنی ئاوارەکانی حەلەب لە عەفرین هەڵمەتێکی گەورەی مرۆیی ڕادەگەیەنێت.
دەقی بانگەوازەکەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە سۆنگەی بەها و بنەما مرۆییەکان، بە نیگەرانییەکی زۆرەوە لە پەرەسەندن و زیادبوونی گرژیی و ئاڵۆزییەکان لە شاری حەلەب دەڕوانێت، بێگومان ئەو جۆرە گرژیانە، دەبنە هۆی کارەساتی مرۆیی و ئاوارەبوونی خەڵکی ناوچەکە لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بۆیە گرنگە پارێزگاریی لە گیانی هاووڵاتییانی سڤیل بکرێت و رێگەنەدرێت کۆچبەریی زۆرەملێ رووبدات، کە بەداخەوە ئەو گرژییانە دەبنە هۆی نەهامەتی و پەڕاگەندەبوونی ژن و منداڵ و هاووڵاتیانی سڤیل و قەیرانی دیکەی مرۆیی.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشتریش، رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە بەهاناوە چوونی خەڵکی لێقەوماو لە ناوچەکەدا، کە بەهۆی شەڕەوە ئاوارە بوونە، ئێستاش بەهۆی ئەو گرژیانەی حەلەب، ئاوارەیەکی زۆر روویان لە عەفرین کردووە، کە بە گوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، ژمارەیان دەگاتە 22 هەزار خێزان.
لەم سۆنگەیەوە، ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە عەفرین، هەڵمەتێکی گەورەی مرۆیی رادەگەیەنێت بۆ ئەوەی هاوکارییە سەرەتاییەکان بۆ ئەو ئاوارانەی دابین و دەستەبەر بکات، کە بەهۆی ئەم شەڕەوە روویان لە عەفرین کردووە.
لێرەدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بانگەواز لە ئاژانسەکان، رێکخراوەکان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، خەڵکی خێرخوازیی هەرێمی کوردستان و رەوەندی کوردستانی لە دەرەوە دەکات، هاوکار و پشتیوانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بکەن، بۆ ئەوەی بتوانین هاوکاری مرۆیی بگەیەنینە خەڵکی ناوچەکە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی
8ی کانوونی دووەمی 2026




