٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فازڵ میرانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە ھەولێر کرد

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info-  لە بارەگاى مەکتەبى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان لە پیرمام، فازڵ میرانى بەرپرسى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسى، پێشوازى لە (یان برێم) کونسوڵى گشتى فەرەنسا لە هەولێر کرد.

لە دیدارەکەدا فازڵ میرانى بەرپرسى دەستەى کارگێڕیى مەکتەبى سیاسى، وێڕاى بەخێرهێنانیان ڕۆشنایی خستە سەر ڕەوشى ئەمڕۆى هەرێمى کوردستان بەتایبەت و عێراقى فیدراڵ و ناوچەکە و جیهان بەگشتى.
میرانى گوتی "جیهان و ناوچەکە بە بارودۆخێکى هەستیار تێدەپەڕێت، ڕووداو و گۆڕانكارییه‌كان خێران و ده‌بێ ژیرانه‌ هه‌ڵسوكه‌وت بكرێت."
بەرپرسى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسى سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی  "گفتوگۆی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان به‌رده‌وامه‌، بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی عێراقی فیدراڵیش هه‌وڵ و  گفتوگۆی هه‌موو هێز و لایه‌نه‌ سیاسییەکانى كوردستان و عێراق به‌رده‌وامه‌، هیوادارین حکوومەتی داهاتووى عێراقی فیدراڵ هەموو کێشەکان چارەسەر بکات، لە سەرویانەوە کێشەکانى نێوان بەغدا و هەولێر و کار بكرێت بۆ جێبه‌جێكردنی بڕگه‌كانی دەستووری عێراقى فیدراڵ."
فازڵ میرانى ئاماژەى بە پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و فەرەنسا و پەیوەندی گەلى کوردستان و گەلى فەرەنسا دا و بە پەیوەندیى مێژوویى و لە ئاستى بەرز وەسفی کرد.
(یان برێم )کونسوڵی گشتی فەرەنساش لە هەولێر زۆر سوپاسی بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبى سیاسى کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدار و پێشوازییە، هیوای خواست کوردستان و گەلی کوردستان هەر لە پێشکەوتندا بێت و پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا لە هەموو بوارەکان هەر لە گەشەسەندن دابێت. 

هەواڵی پەیوەندیدار