پەیامێک لە سەرۆکی حکوومەتەوە لەبارەی ڕووداوەکانی حەلەب

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە ڕووداوەکانی حەلەب و ھێرشی سوپای سووریا بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی شیخ مەقسوود و ئەشرەفییە پەیامێکی بڵاو کردەوە.
مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا دەڵیت: "ڕووداوەکانی حەلەب و بە ئامانجگرتنی کورد لە پێناو گۆڕینی دیموگرافیی ناوچەکە و دروستکردنی مەترسی بۆ سەر ژیانی ھاووڵاتییانی سڤیل، دەسەڵاتی دیمەشق و ویژدانی کومەڵگەی نێودەوڵەتی دەخاتە ژێڕ پرسیارەوە".
سەرۆکی حکوومەت جەختیشی کردووەتەوە: "شەڕ و توندوتیژی، چارەسەری بنەڕەتی ھیچ کێشەیەک ناکات. ھیچ بیانوو و پاساوێک نابێت ڕێگە بە پاکتاوی ڕەگەزی بدات. پەلاماردانی گەڕەگە کوردنشینەکانی شاری حەلەب، ئێمەی بە قووڵی نیگەران کردووە".
مەسروور بارزانی ھیوای خواستووە ھەموو لایەک، دان بە خۆیاندا بگرن و ژیانی ھاووڵاتییان بپارێزن و بۆ چارەسەریی کێشەکان، پەنا بو دیالۆگ و گفتوگۆ ببەن. ھەروەھا ھیوای خواستووە سیستەمی حوکمڕانیی ئێستای سوریا لە ئاستی بەرپرسیارەتیی دەسەڵاتێکی دیموکرات و گشتگیر بۆ ھەموو خەڵکی سووریا بێت.




