سەلاحەدین بەهاددین بۆ كێ و لە پێناو چی خۆی مشەوەش دەكات؟

دژوار قادر
لە یەكەم ساتی خوێندنەوەی دەقی دیمانەكەی مامۆستا سەلاحەدین بەهاددینی ئەمینداری گشتیی پێشووی یەكگرتووی ئیسلامی كە لە دواژمارەی گۆڤاری لڤیندا بڵاوبووەتەوە، هەست بە كاریگەری ئەو شكستە دەكرێ، كە ئەو بەڕێزە لە سەروبەندی بەستنی دواكۆنگرەی ئەو حزبەدا لە لایەن زۆرینەی كادیرانی یەكگرتووەوە تووشی هات.
مامۆستا سوودی زۆری لەو ئازادییە وەرگرتووە كە لە دوای راپەڕینی جەماوەری كوردستان لە ئارادایە، ئەگەرنا خۆی یەكێك بوو لە دژەكان. واتە ئەگەر ئەو ئازادییە نەبوایە، دەبوو رێگە بەو جۆرە كەسانە نەدرێ لە كوردستانی بە خوێن سووركراودا كاری سیاسی بكات، لەبەرئەوەی ئەو لە بنەڕەتەوە هەڵگری پرۆژەیەكی نیشتمانی نییە، بۆیە ئەو قسانەی ئەم دواییەشی نەك هەر لەسەر جەماوەری كوردستان، بەڵكو لەسەر جەماوەری یەكگرتووش هیچ كاریگەرییەكی نییە، چونكە وابەستەی لایەنی دەرەكییە.
ئەگەر ئایندەی نەتەوەی كورد بەلای ئەوەوە بەهایەكی هەبێت، بە تایبەتی كە ئێستا هەم گۆڕانكاری بەڕێوەن و هەم ئەو هیچ بەرپرسیاریێكی ئاشكرای لەناو یەكگرتوودا نییە، دەبوو باس لە گرنگی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی گەلی كوردی بكردابایەتەوە، بەڵام ئەو و هاوشێوەكانی هەرگیز ناتوانن نیشتمانیانە بیربكەنەوە، چونكە لە هەڵپەی وەرگرتنی پۆستن نەك خزمەتكردن.
بەر لەوەی هۆكاری خۆمشەوەشكردنەكەی مامۆستا ئاشكرا بكەم، دەمەوێ ئەو تیاكەوتنەی بۆ راست بكەمەوە، كە ئەوەی لە هەرێمی كوردستان هەیە، دەسەڵات نییە، بەڵكو ئیدارەیەكە و راستەوخۆ لە لایەن جەماوەری هەرێمی كوردستان هەڵبژێردراوە بۆ بەڕێوەبردن و پاراستنی لەو پیلانانەی كە لێرە و لەوێ دژی دەهۆنرێتەوە.
مامۆستا دەیەوێ لە رێگەی لێكچوواندی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بە دەسەڵاتە دیكتاتۆرەكانی ناوچەكە، تۆڵە لە كادیرانی یەكگرتوو بكاتەوە كە لە كەشێكی هەستیاردا ئەویان رەتكردەوە، چونكە لە ئێمە باشتر بەرنامەكەی دەناسن. هەر بۆیە ئێستاش ژێراوژێر دەست لە كاروباری یەكگرتوو وەردەدات. تەنانەت مافی وەڵامدانەوەش لە یەكگرتووی ئێستا زەوت دەكات، كاتێك راگەیاندنی یەكگرتوو وەڵامی راپۆرتەكەی بزووتنەوەی گۆڕانی دایەوە و دەڵێ دەبوو رەخنەكان مەحرەمانە بێت نەك لە راگەیاندن و بۆ رای گشتی. لەم دەربڕینەدا دوو شت دەخوێنینەوە: یەكەم لەبەر ئەوەی لە بنەڕەتەوە بە كاری نهێنی شەرمهێن دەستیپێكردووە، بۆیە هەر خواستی بە كاری ژێرپەردەیە. دووەم، لەبەرئەوەی خەمی بەدەستهێنانی پۆستیەتی، دەیەوێ هەموو ئۆپۆزیسیۆن بۆ خۆی بكاتە پردی گەیشتن بە پۆست و ناخوازێ توڕەیان بكات. بۆ تۆخكردنەوەی ئەو هەوڵەشی رەخنە لە هەوڵی سەربەخۆیی سیاسی ی یەكگرتوو دەگرێ، كاتێك دەڵێ چوونە دەرەوەی یەكگرتووی ئیسلامی لە چوارچێوەی ئۆپۆزیسیۆندا بەمانای خۆكوشتنی سیاسی دێت. مامۆستا ئەگەر لە خەمی بەرژەوەندیی نەتەوەكەی دایە، كە ئەم بەرژەوەندییە لای ئەو بابەت نییە، دەبوو بیگوتابایە لەم كاتەدا ناكرێت كار لەسەر تێكدانی پەیوەندیی نێوان هیزەكانی كوردستان بكرێ، نەك ئۆپۆزیسیۆن، چونكە چارەنووسی هەمووان گرێدراوی یەكە، بەڵام لەبەر ئەوەی مامۆستا بەو ئازادییەی هەیە ماندوو نەبووە، بۆیە بەهاكەشی نازانێ.
هەر لە پێناو هەوڵەكەیدا، كە دڵنیای دەكەینەوە هەوڵێكی نەزۆكە، دژی پێكهێنانی بەرەیەكی ئیسلامیشە، بۆیە ئەو پرسیارە دێتە پێش: ئەگەر دژی یەكڕیزیی هێزەكانی كوردیت و دژی یەكڕیزی هێزە ئیسلامییەكانی و دژی بەرژەوەندیی نەتەوەیی دەوەستیتەوە، ئەدی بە چ مەنتیقێك پارێزگاری لە بەرژەوەندیی كوردستان دەكەیت، وەك ئەوەی ئیدیعا دەكەیت؟
لێرەوە بەشێك لەو هۆكارانە دەخەینەڕوو كە مامۆستای مشەوەش كردووە تا بەمشێوە نا راستگۆیانە باس لە ئیدارەی هەرێمی كوردستان و رۆڵی سەرۆك بارزانی بكات. مامۆستا سەلاحەددین لە رێگەی ئەو بڕە پارەیەی بەناوی یارمەتیدانی منداڵانی بێ سەرپەرشتیار لە كەنداو وەریدەگرت، بەشی زۆری بۆ بەهێزكردنی پێگەكەی خۆی بەكاردەهێنا، كاتێكیش هاوكێشەكە گۆڕا، كە زۆرینەی كادیرانی یەكگرتووی ئیسلامیش پێیان خۆش بوو، مامۆستا ئۆقرەی نەما، چونكە بەهۆیەوە خەونەكەی پوچەل بۆوە. ئەمەش وایكرد هەموو بەهایەك لە بیر بكات و بكەوێتە وێزەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، لەبەرامبەردا یەكەم پیلانی كاركردن بوو بۆ تێكدانی ئەنجوومەنی پارتە سیاسییەكانی كوردستان. دیسان بۆ درێژەدان بە خەونە زڕەكەی، كەوتە تێكدانی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و لەسەر ئاوازی بەهاری عەرەبی كەوتە دنەدانی بەشێك لە خەڵكی كوردستان، بەڵام لەوەشدا هیچی پێ نەكرا. لەبەرئەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان هەڵقوڵاوی جەماوەرە، بۆیە توانیان هەموو پیلانێكی دەرەكی لە گۆڕ بنێن. لەو روانگەیەوە، هەقتە ئەو سەردەمە بە خراپترین سەردەم وەسف بكەیت، چونكە بە حیكمەتەوە سەرلەبەری پرۆژەكەتی سەراوژێر كرد.
هەر لەو دیمانەیەدا باس لەوە دەكات، كە سەرۆك بارزانی لێی عاجزە، بەڵام باسی هۆكارەكەی ناكات، بۆیە هەقی جەماوەری كوردستانە هۆكارەكەی بزانن، كە پەیوەندی بە بەرژەوەندیی نەتەوەییەوە هەیە یان نا؟ با خۆی ئەوە بۆ جەماوەری كوردستان باس بكات.




