٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەمڕۆ هەردوو بەنداوی خنس و سماقوڵی سەرڕێژ بوون

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ هەردوو بەنداوی خنس کە دووەمین گەورە بەنداوی پارێزگای دهۆکە لەگەڵ بەنداوی سماقوڵی، کە گەورەترین بەنداوی سنووری قەزای کۆیەیە، بەهۆی بارانبارینی چڕی ئەم دواییەوە بە تەواوی پڕبووە و سەرڕێژ بوون. 

بەنداوی خنس لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2021 دەست بەجێبەجێکردنی کرا و لە ساڵی 2022 تەواو کرا، بەنداوەکە توانای گلدانەوەی حەوت ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە و گرنگی بۆ كەرتی كشتوكاڵ، سامانی ئاژەڵ، كەرتی گەشتوگوزاری و ئاوی ژێر زەوی هەیە.

بەنداوەکە لە جۆری خاکییە و دەکەوێتە سنووری قەزای شێخان لە پارێزگای دهۆك، بەرزییەکەی 34.5 مەتر و درێژییەکەشی 195 مەترە، دەرچەی ئاودەرەكەشی دوو بۆریی تیرە 90 و 50 سانتیمەتریین.

هەروەها ئامانجێکی دیکەی بەنداوی خنس، بایەخدانە بە کەرتی گەشتیاریی لە سنووری شێخان و پارێزگای دهۆک.

هاوکات بەنداوی سماقوڵی، کە گەورەترین بەنداوی سنووری قەزای کۆیەیە، بەهۆی بارانبارینی چڕی ئەم دواییەوە بە تەواوی پڕبووە و سەرڕێژی کرد. 

ئەم بەنداوە کە لە ساڵی 2017 دروستکراوە، توانای گلدانەوەی 8 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، سەرڕێژبوونی ئەم بەنداوە گرنگییەکی زۆری بۆ کەرتی کشتوکاڵ هەیە، چونکە لە خوارووی بەنداوەکەدا هەزاران دۆنم زەوی چێنراو بە میوە و سەوزە هەن کە ڕاستەوخۆ سوود لە ئاوەکەی وەردەگرن.

هەواڵی پەیوەندیدار