ماڵپەڕی KDP پلان و پڕۆژە نوێیەکانی ساڵی ٢٠٢٦ی سۆران دەخاتەڕوو

سۆران-KDP.info- دوای بەجێگەیاندنی سەرکەوتووانەی ژمارەیەکی بەرچاو پڕۆژەی ستراتیژی لە ساڵی ٢٠٢٥، ئیدارەی سۆران بە پلان و پڕۆژەی نوێوە هەنگاو دەنێتە ساڵی نوێی ٢٠٢٦. لەم بارەیەوە، بەرپرسی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پڕۆژە نوێیەکانی ئیدارەی سۆرانی بۆ ساڵی نوێ ئاشکرا کرد و گوتی، پلان و بەرنامەی گرینگمان هەیە بۆ ساڵی ٢٠٢٦ و هاوشێوەی ساڵی ٢٠٢٥ ئامانجمان پێشکەشکردنی زۆرترین خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان دەبێت.
هەژار حەکیم، بەرپرسی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی ئیدارەی سۆران بۆ ساڵی ۲۰۲٦، بەدووسایدکردنی ڕێگای سۆران-مێرگەسۆر و لەوێشەوە بۆ دەروازەی نێودەوڵەتی زێت دەبێت.
دووەم پلانی ستراتیژی، بە چڕی کارکردن دەبێت لەسەر ماستەرپلانی گەشتیاری. وەک سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕابردوودا ئاماژەی پێ کرد بە بۆنەی ماستەرپلانی گەشتیارییەوە، سۆران دەبێتە ناوچەیەکی بازرگانی و گەشتیاری لە ناوچەکەدا، ئەو پڕۆژەیە بە تەواوی کاری لەسەر دەکرێت و دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. هەروەها گرینگیدانی زیاتر بە ژێرخانی ڕێگاوبان بە مەبەستی ئاسانکاریی هاتوچۆی گەشتیاران درێژەپێدەری پلانی ٢٠٢٥ دەبێت لە ساڵی ٢٠٢٦.
ناوبراو زیاتر ڕوونی کردەوە و گوتی، سەبارەت بە دەروازەی نێودەوڵەتیی کێلەشین، کە (پارێزگای شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و قەزای سیدەکانی هەرێمی کوردستان پێکەوە دەبەستێتەوە) ڕێکارەکانی کردنەوەی لە ساڵی ڕابردووە دەستی پێ کردووە و تا ئێستاش بەردەوامە. پێشنیازی چەندین پڕۆژەی ستراتیژیی تر کراوە، پلانی تۆکمە دانراوە بۆ ساڵی ٢٠٢٦ لە ئیدارەی سۆران، چاوەڕوانی ڕەزامەندیین تا بودجەی پێویستیان بۆ تەرخان بکرێت و بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەژین غەفار




