قایمقام لە ڕێگەی KDPیەوە داوایەک بۆ ساڵی نوێ و پێكهێنانی كابینەی دەیەم دەخاتەڕوو

هەڵەبجە-KDP.info- ساڵی 2024 و 2025 ساڵەكانی پڕۆژەبارانكردنی پارێزگای هەڵەبجە بووە لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، قایمقامی هەڵەبجەش دەڵێ، پڕۆژەی باش ئەنجام دراون و چاومان لەوەیە پڕۆژەی گرنگتر بۆ هەڵەبجە جێبەجێ بكرێن.
سمكۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "لە ساڵی 2025 كۆمەڵێك پڕۆژەی زۆر باش لە هەڵەبجە جێبەجێ کراون، کە سەرۆكی حكوومەت و جێگرەكەی، بۆ بەرپرسانی ئیداریی پارێزگاكە یەك تیمن بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكان".
سمكۆ سالار دەڵێ: "ژمارەی پڕۆژەكانمان زۆر باشە، بەڵام بە هۆی ئەو قەیرانە داراییەی هەیە، كاریگەری لەسەر پڕۆژەكان دروست بووە، پارێزگای هەڵەبجە لە چاو پارێزگاكانی تردا، لە ئەنجامدانی پڕۆژە و ژمارەی پڕۆژە و سیولەی نەقدی، كاری باشی بۆ كراوە".
"كۆمەڵێك پڕۆژەمان هەیە، کە ستراتیژین كێشەیان هەیە، وەك پردی تەی سەید محەمەد لەگەڵ پڕۆژەی ڕێگە و پردی تووەقووت، کە كاركردن تێیاندا خاو بووەتەوە، بۆیە داوا دەكەین لە ساڵی نوێ و پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكوومەت، ئەو دوو پڕۆژەیە پارەدار بکرێن و بەگەڕ بخرێن". سمكۆ سالار وای گوت.
قایمقامی هەڵەبجە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، "چەندان پڕۆژەی نوێ و باش چوونەتە تەندەرینەوە و بەڵێنی جێبەجێكردنی پڕۆژەی تری زۆر باش بە هەڵەبجە دراوە، لەگەڵ جێبەجێكردن و تەواوكردنی هەموو ئەو پڕۆژانەی لە ئیشدان و چوونەتە تەندەرین و بەڵێن دراوە، کە لە پاش جێبەجێكردنیان، هەڵەبجەیەكی تر دەبیندرێت، پڕۆژەی زۆری بەرچاو كراوە، بەڵام لە كابینەی نوێی حكوومەت داوامان لە سەرۆك و جێگر و وەزیرەكان ئەوەیە، نۆزدەیەمین پارێزگای عێراق وای لێ بكرێت هەموومان شانازی پێوە بكەین".
ناوبراو زیاتر گوتی، "داوا لە حكوومەتی نوێی كوردستان دەكەین، یەكەم کۆبوونەوەیان بهێننە هەڵەبجە و بڕیار لەسەر پڕۆژەی تری ستراتیژی بدەن، هەڵەبجە شەقامی 40ی و 60ی و 100 مەتری نییە و پێویستیەتی، دەمانەوێت ڕێگەوبانی مۆدێرن و پرد و جووڵەی بازرگانی بۆ هەڵەبجە دەست پێبكات، نموونە لە فێستیڤاڵی هەنار، لە سێ ڕۆژدا 450 خاوەنکار هاتوونەتە هەڵەبجە، ئەمەش ڕێژەیەکی زۆر باشە و پێویستمان بە ڕێگەوبانی نوێ هەیە".
دەشڵێ، "23 ساڵە لە ئیدارەدا كار دەكەم، لە كابینەكاندا خزمەتی باش بە هەڵەبجە کراوە، ژێرخان و سەرخانی هەڵەبجە هەڵوەشابوو و هیچ ڕێگەوبانێكی نەبوو، لە خزمەتگوزارییەكانی ئاو و كارەبادا سستی هەبوو، كابینەی نۆیەمیش پڕۆژەی باشی بۆ هەڵەبجە جێبەجێ كردووە، کە كارەكانی كابینەی نۆیەم تەواو بكرێن، هەڵەبجە بە تەواوەتی دەگۆڕێت".
عەزیز ڕەسووڵ




