یەكگرتووی ئیسلامی ناڕازییە

ئازا حەسیب قەرەداخی
یەكگرتووی ئیسلامی لەو قسەیە ناڕازییە كە ئەمینداری پێشوویان (سەڵاحەددین محەممەد بەهادین) لەبارەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی)ـیەوە كردوویەتی و لە گۆڤاری "لڤین" ژمارە (229) لە 10/4/2013، بڵاو بووەتەوە و دەڵێ: (زۆر لە چاودێران ئەم ساڵانەی سەرۆكایەتیی هەرێمیان بە خراپترین ساڵانی مێژووی سیاسی و تەمەنی مەسعوود بارزانی دادەنێن و بە سلبی لەسەر رەمزییەتی كەسایەتی شكاوەتەوە)!
یەكگرتوو بە هیچ جۆرێ ئەم قسەیەی مامۆستا سەڵاحەددین بە سیاسەت و هەڵوێست و هەڵسەنگاندنی خۆیەوە گرێ نادات و پێچەوانەكەیشی دەیبینێ.
بە تایبەتی لەم قۆناغەدا كە یەكگرتووی ئیسلامی رۆڵی ئەرێنی لەناو یەكڕیزیی كوردستانیدا بەرانبەر كێشە و پڕكێشییەكانی بەغداد دەبینێ و لە هەمان سەنگەری سەرۆكی هەرێمەوە خەباتی نیشتمانی لەم گۆڕەپانەدا دەكات.
سەرنجی یەكەم لەو قسەیە ئەوەیە كە مامۆستا سەڵاحەددین پێی نەگوتووین كامانەن ئەو "زۆر لە چاودێران"ـە كە ئەم پشتی بە قسەی ئەوان بەستووە و وەكوو بەڵگەی حاشاهەڵنەگر و موسەلەم بڕوای پێیانە و قسەكەیان دووپات دەكاتەوە!! چونكە بە كەمترین گەڕان بە ئەرشیفی ئەو ساڵانەدا بە سەدان هەڵوێست و هەڵسەنگاندنی پێچەوانەی ئەوە دەدۆزینەوە كە خەڵكی هەرێمی كوردستان و پارچەكانی دیكەی كوردستان و سەركردە سیاسییەكانی ناو هەرێم و پارچەكانی دیكە و سەرۆكەكانی ئەمەریكا و وڵاتانی ئەورووپا و توركیا و ڕووسیا و وڵاتانی عەرەب و پاپای فاتیكان و سەرۆكی جامیعەی عەرەبی و سەرۆكی زانكۆی ئەزهەر و چەندین توێژەری سیاسی و ئەكادیمیست و كەسایەتیی ناسراو و كاریگەر لەبارەی رۆڵ و كاریگەریی سەرۆك بارزانی و رەمزییەتی ئەوە گوتوویانە.
"زۆر لە چاودێران"ـی دیكەیش هەن دەڵێن ئەم قسەیەی "سەڵاحەددین محەممەد بەهادین" دەچێتە خانەی ئەو هەوڵانەوە كە "باڵ"ـێكی ئیسلامگەرا هەیە نەیارە بە هەموو جۆرە نزیكبوونەوەیەكی نێوان رەوتی ئیسلامی و دوو حزبە حوكمڕانەكە بە گشتی و یەكگرتووی ئیسلامی و پارتی دیموكراتی كوردستان بە تایبەتی و بەردەوام كار لەسەر تێكدانی پێوەندیی نێوانیان دەكات!! تەنانەت دەڵێن، هەندێك لە كەسانی ناو ئەم باڵە ئێستا لەناو بزووتنەوەی گۆڕاندا دەستڕۆییشتوون و بەرپرسی ژوور و شتی دیكەن و ئەو بزووتنەوەیەیش بۆ ئەم بەرنامەیەیان بەكار دەهێنن!!
مامۆستا سەڵاحەددین شتێكی وەهای لە قوڵاییدا نەگوتووە، بەڵكوو ئەو قسەیەی هەر لەو چەند دێڕە كورتەدا گوتووە و هیچی دیكەی نەخستووەتە سەر كە ئایا بەڵگەی لەسەر سەلماندنی قسەكە چییە!!
مامۆستا ئەو قسەیەی وەكوو هەڵسەنگاندنێكی رێژەیی نەكردووە كە بشێ بۆ وردكردنەوە لە بوار و كایە جیاجیاكانی كاركردن لە پۆستی سەرۆكی هەرێمدا، بەڵكوو پێوانەیەكی گشتگیری موتڵەقی فڕێ داوە.
ئەمەیش هەم لە رووی موتڵەقییەوە، هەم لە رووی ئەوەوە كە قسەیەكە لە شێوەی جیوەدا و نەگیرە، زۆر دوورە لە خەسڵەتی كەسایەتیی سیاسیی گەورە و كاریگەرەوە كە بیەوێ شوێنپەنجەیەكی خێر و باش لە ژیانی سیاسیدا جێ بهێڵێ.
جێی سەرنجە كە مامۆستا سەڵاحەددین، جەخت لەسەر (ڕەمزییەتی كەسایەتیی) مەسعوود بارزانی دەكات.
ئەمەیش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە لە قوڵاییەكانی دەروونی مامۆستادا شایەتیدان بە (ڕەمزییەت)ـی (مەسعوود بارزانی) هەیە و دووریش نییە جۆرێك لە ئیرەییشی تێدا بێ، لەو سەرچاوەیەوە كە ئەم خۆی هەرگیز نەیتوانی ببێتە ڕەمزێكی لەو جۆرە. ئەمەیش وەهای لێ كردووە كە حەزێكی شاراوەی هەبێ بۆ كەمكردنەوە لەو رەمزییەتەی بارزانی و لەجیاتی لەسەر زاری خۆی بیڵێ، خستوویەتییە سەرزاری "چاودێران"ـی نەناسراوی ناونەهێنراو.
هەڵبژاردنی كاتی ئەم دیمانەیە و بڵاوكردنەوەكەی بێگومان پەیوەستە بەو بزاوتە سیاسییە ئەرێنییەوە كە سەرۆك بارزانی لەناو ماڵی كوردستانی و لەسەر ئاستی عێراق و هەنگاوەكانی چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد لە توركیادا بەرپای كردووە. هەروەها پێوەندیی هەیە بەو بزاوتە سیاسییەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە ماوەی كەمی رابردوودا دەستیان پێ كردووە و دەستپێشخەریی باشیان بە هۆیەوە هێنایە ئاراوە و جووڵەیان خستە ژیانی سیاسییەوە لە هەرێمی كوردستاندا.
لە كاتێكدا ئەوەی سەرۆك بارزانی و پارتی و یەكێتی كردوویانە كردنەوەی دەرگەكانە بۆ سازانی نیشتمانی لە بەرەبەیانی گۆڕانكاریی ناوچەیی و عێراقی و ناوخۆییدا كە بەشێكیان پێوەندییان بە هەڵبژاردنەكان و دروستكردنی كەشوهەوایەكی سیاسیی ئەرێنییەوە هەیە لەناو هەرێمدا، دیمانەكەی مامۆستا "سەڵاحەددین محەممەد بەهادین" لەگەڵ "لڤین"ـدا، لەپاڵ سنگدەرپەڕاندنەكەی بەرپرسی ژووری سیاسیی بزووتنەوەی گۆڕان "یوسف محەممەد" و هەڕەشەكردنی بەوەی قەیرانی سیاسی لە هەرێمدا بەرپا دەبێ، كڵۆمدانی دەرگەكانی سازان و بەرپاكردنی كەشوهەوایەكی سیاسیی گرژ و نەرێنییە.
هەڵبەت بەرپرسیارێتیی لێكەوتەكانی ئەم كەشوهەوایە دەكەوێتە ئەستۆی ئەوانەی نەیاری یەكڕیزی و سازانی نیشتمانین و تا هەنووكە نەیانتوانیوە بازنەی ناعەقڵانییەت و رقوكینە جێ بهێڵن و هەڵكشێن بۆ ئاستێكی بەرزتر و بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ كۆی ژیانی سیاسیی هەرێمی كوردستان و رایەڵەكانی لەگەڵ پڕكێشییەكانی عێراق و ئەو گۆڕانكارییانە بكەن كە لە ناوچەكەدا روو دەدەن و بەشێكیان بە هاتنەسەر حوكمی ئیخوانەكان كۆتایی هاتووە و ئەوانیش لە ماوەیەكی قیاسیدا خراپترین نموونەی حوكمڕانییان پێشكەش كرد.




