پەیامی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە، ٣١ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەبۆنەی ھاتنی ساڵی نوێی زایینی ٢٠٢٦، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان و سەرجەم کوردستانییان لە سەرتاسەری جیھان کرد.
دەقی پەیامی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی ٢٠٢٦:
بە بۆنەی ھاتنی ساڵی نوێی زایینی ٢٠٢٦، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت ھاونیشتمانییانی ھەرێمی کوردستان و سەرجەم کوردستانییان دەکەم و ھیوای ساڵێکی پڕ لە شادی و ئارامییان بۆ دەخوازم.
ساڵی ڕابردوو، ساڵی چەندان دەستکەوت و ئەنجامدانی چەندان پرۆژەی گرنگ و ستراتیجی بوو، لە ھەمانکاتدا ساڵی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکانیش بوو.
بە پشتیوانیی خودای مەزن و خۆڕاگریی خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان، ساڵی ڕابردوو، توانیمان چاکسازییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، بە تایبەتیش دابینکردنی کارەبای بەردەوام و چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی و بنیاتنانی ڕێگەوبان و باشترکردنی ژێرخانی دارایی و بانکی بە ئەنجام بگەیەنین و بەردەوامیشین لە خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی کوردستان.
ھیوادار و خوازیارین لە ماوەیەکی نزیکدا، کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێمی کوردستان پێکبھێنرێت، کە بەداخەوە، بە مەبەست ڕێگری لە پێکھێنانی کراوە.
پێویستە چیتر بەرژەوەندیی باڵای کوردستان نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی ھیچ لایەنێک.
ھەروەھا ئومێدەوارین کابینەی نوێی فیدراڵیش، لە ئاییندەیەکی نزیکدا، لەسەر بنەما و لەبەرچاوگرتنی پرنسیپەکانی ھاوبەشی و ھاوسەنگی و سازان پێکبھێنرێت.
ساڵی نوێ لە ھەمووان پیرۆز بێت و ھەمیشە لە شادی و تەندروستیدا بن.
مەسروور بارزانی
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان




