سیوەیلی بۆ KDP باسی دەستکەوتە سیاسی و دیپلۆماسییە گرینگەکانی ساڵی ٢٠٢٥ دەكات

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، ساڵی ٢٠٢٥ بۆ ھەرێمی کوردستان لە ڕووی دیپلۆماسییەوە زۆر گرنگ بووە و چەندین دەستکەوتی گرینگ بەدەست هاتوون، کە بووە ھۆی ئەوەی ھەرێمی کوردستان لە ڕووی دیپلۆماسییەوە پێشوەچوونی زۆر باش بەخۆیەوە ببینێت.
ھۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٥دا توانی پێگەی خۆی بە شیوەیەکی بەرچاو لە جیھاندا بەرز بکاتەوە لە ڕێگەی سیاسەتێکی دەرەوەی چالاک و فرەلایەن و دەسپێشخەرییە ستراتیژییە ئابوورییەکان و قوڵکردنەوەی ھاوبەشییەکان لەگەڵ ھاوبەش و دۆستەکانمان لە جیھاندا، کە لە سەرەتای ساڵدا بەشداریی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس، سەرەتایەکی گرینگ بوو بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێم بە تایبەتی یەکەمجار بوو بەوە شێوەیە و لە (ماڵی کوردستان)ەوە ھەرێم وەک شوێنێکی گرینگ بۆ وەبەرھێنان بخرێتەڕوو، ئەمە جگە لەو چاوپێکەوتن و کۆبوونەوانەی سەرۆکی حکوومەت لەو ماوەیەدا ئەنجامیدان.
سەبارەت بە دەستکەوتەکانی دیکە لە ساڵی ۲۰۲٥دا، هۆشیاری سیوەیلی هێمای بۆ ئەوە کرد، دەستکەوتێکی تری گرینگ لەم ساڵەدا، سەردانی سەرۆکی حکوومەت بوو کە چاوی بە گەورە بەرپرسانی ئەمەریکا کەوت و سەرپەرشتیی واژۆکردنی دوو گرێبەستی گرینگی بەرھەمھێنانی غازی سرووشتیی کرد لەگەڵ کۆمپانیاکانی ھێچ کەی ئێن و گەنەڵ ئینێرجی، لە مانگی ئەیلوولدا ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم لە ڕێگەی مینای جەیھان دوای سی مانگ ڕاوەستان دەستی پێکردەوە و ویلایەتە یەکگرتووەکان و وڵاتانی تریش گوشاری ڕاستەوخۆیان خستبووە سەر عێراق تا بڕیاری ھەناردەکردنەکە بدات.
سیوەیلی هەروەها ڕوونیشی کردەوە، کردنەوەی باڵاخانەی کۆنسووڵخانەی گشتیی ئەمەریکا لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥دا، یەکێک بوو لە دەستکەوتە سیاسی و دیپلۆماسییە ھەرە گرینگەکانی ساڵی ٢٠٢٥، ئەم کۆنسووڵخانەیە گەورەترینە لەسەر ئاستی جیھان و نیشانەی پتەویی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ھەرێمی کوردستانە، کە مایک ڕیگاس یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کە باڵاخانەکەی کردەوە، لە وتارەکەیدا بە ڕوونی باسی گرینگی و بایەخی ھەرێمی کوردستانی کرد و گوتی، ویلاتە یەکگرتووەکان مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکات وەک پایەیەکی گرینگ بۆ سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی عێراق و کردنەوەی باڵاخانەکە ھێمای گرینگیی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ھەرێمی کوردستانە، هەروەها لە مانگی ئەیلوولیشدا شاندێکی گرینگی ئابووریی ئەمەریکی کە نوێنەرانی کۆمپانیا گەورەکانی وەک گۆگڵ و ئای بی ئێم و ڤیزە و کۆکا کۆلا و پێپسی کۆلای تێدا بوو، سەردانی ھەولێریان کرد و لە مانگی تشرینی دووەمدا شاندێکی تری ئابووری سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کرد.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، نوێنەرایەتییەکانی دەوڵەتان لە ھەرێمی کوردستان چالاک و ڕۆڵی گەورەیان ھەیە لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و ئەو وڵاتانە، بە هەمان شێوە نوێنەرایەتییەکانی ھەرێمی کوردستان ڕۆڵی بەرچاویان ھەیە لە باشترکردنی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییە دووقۆڵییەکان، ئێستا لە ھەرێمی کوردستان ٤٠ نوێنەرایەتیی بیانی ھەیە و ھەرێمیش لە دەرەوە چەندین نوێنەرایەتی لە پایتەختە گرینگەکان ھەیە، کە سەردانی باڵیۆزەکانی وڵاتان بۆ ھەولێر بەردەوامە و لەگەڵ سەرۆک بارزانی و بەرپرسانی تری ھەرێم باسی پەیوەندییەکان و بەھێزکردنیان دەکەن.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەشڵێت، وەک پارتی دیموکراتی کوردستان، مەکتەبی پەیوەندییەکان و بەرپرسانی تری پارتی، بەردەوامن لە دامەزراندنی پەیوەندیی نوێ و بەھێزکردنی ئەو پەیوەندییانەی کە ھەن. نوێنەرانی مەکتەبی پەیوەندییەکان ساڵانە و بەردەوام لە کۆنفرانسەکانی یەکێتیی دیموکراسیی نێودەوڵەتی و سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ و ڕێکخراوی پارتەکانی ئاسیا و لیبراڵ ئینتەرناشنال و کۆڕبەندی ئاسایشی وارشۆ ئامادە دەبن و وتاری پارتی دەخوێننەوە. هەروەها ئامادەبوونی نوێنەرانی پارتیمان لە کۆڕبەند و کۆنفرانسەکان فراوانتر بووە و دیدار و کۆبوونەوەکان لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتان لە ھەولێر بەردەوامن.
بڵند ئیبراھیم




