پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆک بارزانی پەیامێک لەبارەی کشانەوەی د. شاخەوان عەبدوڵڵا بڵاودەکاتەوە و لە پەیامەکەیدا ڕایدەگەیەنێت، "بەرژەوەندیی گەلی کوردستان و پارتی وای دەخواست کە دکتۆر شاخەوان لە پڕۆسەکەدا بکشێتەوە، ھەروەھا سەرۆک بارزانی ڕایدەگەیەنێت، د. شاخەوان کوڕی پارتییە و ڕۆڵەیەکی ئازا و جێی متمانەی ئێمەیە.
دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی.
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
پێزانینێکی زۆرم بۆ د. شاخەوان عەبدوڵڵا ھەیە لە ماوەی ڕابردوو لە کاری پەرلەمانی و حزبیی خۆیدا ڕۆڵێکی کارا و ماندووبوونێکی زۆری بینیوە. دەستخۆشیی لێ دەکەم کە ئەرک و کارەکانی بە ڕۆحێکی نیشتیمانپەروەرانە ئەنجام داوە، ھەمیشە بە باشی پابەندی ڕێکارەکان و دیسپلینی حزبی بووە و جێگەی متمانە بووە.
بەرژەوەندیی گەلی کوردستان و پارتی وای دەخواست کە دکتۆر شاخەوان لە پڕۆسەی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خۆی بکشێنێتەوە. لەگەڵ ئەوەش لەوە دڵنیام د. شاخەوان ڕۆڵەیەکی ئازا و شایستەی ئەو میللەتەیە، لە ھەر شوێنێک و ھەر پلەیەکدا بێت، کوڕی پارتیە و ئەرک و کاری خۆی بە باشترین شێوە جێبەجێ دەکات و جێی متمانەی ئێمەیە.
مسعود بارزانی
٣٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥




