لە یادی 22 ساڵەی شەهید قارەمان محەمەد ئەمین بابكەیی

سەفەر یوسف میرخان ژاژوكی
دایكە شوكریا بابكەیی : بە خوێنی هاوسەرم (محەمەدئەمین بابكەیی) و هاوڕێی رۆژانی سەختی (عەلی سلێمان بابكەیی) و خۆراگری پێشمەرگەكانی پارتی و بارزانی داستانی كۆڕێ تۆمار كرا و شەهید بوونیان لە پێناو ئازاد كردنی كوردستان هەڵبژارد
ئەوانەی گیان و خوێنی خۆیان كردە دیاری بۆ رێگای سەرفرازی خاك و نەتەوەكەیان ئەوانە جێگای شانازین و بۆ هەمیشە لە دڵ و ویژدانی میللەتەكەماندا بە نەمری دەمێننەوە، زۆر لە قارەمانەكان و فەرماندەكان وپێشمەرگەكان هەموو خەباتی پڕسەروەریان بۆ كوردستان تەرخان كردووە، یەكێك لەو قارەمانانەش كە ژیانی خۆی بەخشی بۆ ئازادی و سەرفرازی كورد شەهیدی نەمر (محەمەد ئەمین موسا بابكەیی) لە ساڵی 1947 لە گوندی بابكەیی سەر بە دەڤەری بارزان لە بنەماڵەیەكی جوتیار و كوردپەروەر چاوی بە دونیا هەڵهێناوە، لە ساڵی 1962 باوكی شەهید دەبێت، شەهید (محەمەد ئەمین بابكەیی) لە ساڵی 1967 چەكی شەرەف لە شان دەكات و دەبێتە پێشمەرگەی كوردستان و بەشداری لە شەڕەكانی سیدەكان، سەری بەردی، گۆڕەز و دەشتی دیانا و چەند شەڕی تر دەكات. دوای نسكۆی شۆڕِشی مەزنی ئەیلوول ئاوارەی ئێران دەبێت بەشداری شۆڕشی گوڵان دەكات و دەستی دایەوە چەك هاتە مەیدانی خەبات و تێكۆشانی لە قوەتی بارزان و بەشداری لە داستانەكانی شەڕی مێرۆز، كانیەلنجا، بێریساڤ ، جسری رێزان، جسری چەمی، سیدەكان، بێركم، شەڕی كۆلانی سۆرك و شەڕی قارەمانەیەتی دەشتی هیرت و كۆلەكا بە سەختی بریندار دەبێت پاش سارێژ بوونەوەی برینەكان دەگەڕێتەوە ناو هەڤاڵانی بۆ سەنگەری خەبات، بەشداری شەڕی مێرگەسۆر، خەروان، سێرۆ، داستانی خواكورك كە رۆڵێكی قارەمانانە بینووە دەكات .كەسێكی متمانە و باوەرپێكراوەی لای شەهید ئیدریس بارزانی و سەرۆك مسعود بارزانی بووە، دوای راپەڕینیش بەشداری داستانی كۆڕی لە 11/4/1991 لە بەرگری قارەمانانەدا لە كاتی هێرشی دوژمن بۆ سەر كۆڕێ پاش شەرێكی دژوار لە گەڵ رژێم خۆی و هەڤاڵێكی تر (عەلی سلێمان بابكەیی) بە گوللەی دوژمن شەهید دەبن و دەگەنە كاروانی شەهیدان.. بۆیادی 22 ساڵەی شەهید بوونی (محەمەدئەمین بابكەیی) لە تۆمار كردنی داستانی كۆڕێ بە پێویستمان زانی سەردانی قەزای سۆران بكەین و لە گەڵ (شوكریا بابكەیی) خێزانی شەهید لەبارەی خەبات و بیرەوەرییەكانی هاوسەری قارەمانەكەی بدوێین، دایكە (شوكریا) ماوەی چەند ساڵ تووشی نەخۆشی بووە و ئافرەتێكی زۆر ماندوو و دیار بوو كە زۆر زەحمەتی بینووە و هەتا وەك ئافرەتانی كوردستان رۆڵیكی كاریگەری هەبوو و كاتێك چووینە لای زۆر كاتێك چووینە لای زۆر بە خۆشحاڵیەوە پێشوازی لە رۆژنامەی خەبات كرد و هەتا لە ماڵی ئەو خانمە چەندەها وێنەی پێشمەرگایەتی هاوسەرەكە و جل و بەرگی كە یادەگارییەكانی ئەو رۆژانەی دوێنی كە هاوسەری نیشان دەدا بە خۆشحاڵیەوە پێشوازی لە رۆژنامەی خەبات كرد ئامادەی خۆی دەربری:
• ئافرەتی كوردستان (شوكریا ئەحمەد بابكەیی) لە ساڵی 1951 لە ئاوارەیی لە دەشتی هەولێر لە دایكبووە، كچی پێشمەرگە(ئەحمەد حەسەن بابكەیی) بەشدار بووی شۆرشی دووەمی بارزان و بەرگری لە كۆماری كوردستان لە مەهاباد و1947 لە ساڵی ماوەی 2 ساڵ لە گەڵ پیاوە بارزانییەكان لە كەركوك بەند كراوە، ماوەیە دوای ئازادكردنیان كۆچی دوایی كردووە، دایكە(شوكریا ) لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دەبێتە هاوسەری شەهید(محەمەدئەمین بابكەیی)، ئەو ئافرەتە رۆڵیكی بەرچاوی هەبوو لەشۆڕشی مەزنی ئەیلوول و گوڵان هەبووە بەمشێوە باسی ژیانی هاوسەری قارەمانی كرد:
هاوسەری شەهیدم (محەمەدئەمین بابكەیی) مرۆڤێكی شۆڕشگێڕ و دڵسۆزی رێبازی بارزانیی نەمر بووە و لە خانەوادەیەكی كوردپەورە لە دایكبووە،هاوسەرم بە تەمەنی منداڵی دایكی كۆچی كردەوە و باوكی قارەمانی (مەلاموسا بابكەیی) لە داستانی ئەتروش لە دەڤەری بادینان شەهید بووە، هەمان ساڵ بوو كە هاوسەرم سەردانی بارزانیی نەمر كردەووە ببێتە پێشمەرگە، بارزانیی نەمر پێ فەرموو: جاری ماوتەو تاكو گەورە بێت كە تەمەنی بچوك بووە و دەتوانی لە ئێستاوە هاوكاریی پێشمەرگە بكەیت، ئەوە بوو خزمەتی پێشمەگە كردەووو لە گەیاندنی پێداویستەكان بۆ بەڕەكانی شەڕ. تاكو ساڵی 1968 لە گەڵ خوالێخۆشبوو(ئەحمەد مستێ كانێەلێنجی) بووە وپاشان لە ناو بارەگای بارزانیی نەمر بوویتە پێشمەرگە، منیش لەشۆڕشی ئەیلوول لەبەر ئەوەی عاشقی كوردایەتی و خەبات بۆ كوردایەتی بووە بوومە هاوسەری، هەمیشە منیش لە گەڵ ئەوان خزمەتی پێشمەرگەم كردووە و وەك ئافرەتانی گوندی بابكەیی سەربە دەڤەری بارزان هەمیشە هەڵویستمان هەبووە و بە دروستكردنی خواردن و پێداویستەكانی بۆ پێشمەرگەكان لە ناو بەڕەكانی خەبات رۆڵی خۆمان بینیوە هەروەها لە نەبوونی هاوسەرەكانیان ئەركی منداڵەكانمان ئەستۆ بووە.
• لە بارەی رۆڵی شەهید(محەمەدئەمین بابكەیی ) لە شۆڕشی گوڵاندا دایكە(شوكریا) گوتی:
دوایی نسكۆی شۆڕِشی مەزنی ئەیلوول ئاوارەی ئێران بووین وەكو هەزاران بنەماڵەی كورد. دوایی ئێمە دابەش كراین ماوەیەك لە ئۆردوگای زێوە نیشتەجێ بووین، پاشان گوازرێنەوە بۆ ئەهواز لەویش بۆ تاران و پاشان بەرەو قەزوین و دوای ماوەیەكیش گەڕاێنەوە بۆ كوردستانی ئێران لە زێوە نێشتەجی بووین، تاكو لە ساڵی 1979 جارێكی تر دەستی دایەوە لە قوەتی بارزان، كە بەرپرسی قوەتەكە فەرماندەی قارەمان د.سەعید ئەحمەد نادر بوو، ئێمە زۆر رەزالەتیمان بینی، كە پێشمەرگەكان دەچوونە ئەركی پێشمەرگایەتی و خزمەت كردن بە كوردستان جار وابوو بە چەند مانگ و ساڵ نەدەهاتنەوە، بۆیە من ئەركی ژیانی منداڵەكانم لە ئەستۆ دەگرت و رۆژانە تا شەو ئیشم دەكرد، كاری ناو باخ و هەموو جۆرە كارمان دەكرد بۆ ئەوەی منداڵەكانم لە خواردن و بژیوی ژیان هیچیان كەم نەبێت، چونكە من بەڵێنم بە هاوسەركەم دابوو كە خەبات و ئەركی پێشمەرگایەتی بارزانیی نەمر وپارتی نەبێتە گرفت لە پەروەردەكرن و بژێوی منداڵەكانمان، بۆیە بە سەربەرزی و پشوو درێژییەوە ئەو ژیانە پڕ نەهامەتییەم بەسەختی گوزەراندە .
• لە بارەی یادی 22 ساڵەی داستانی كۆڕێ كە بە خوێنی هاوسەری قارەمانی تۆمار كرا گوتی:
لە ساڵی 1991 لە راپەڕینی سەرانسەری بەشداری كرد و دوای هێرشی دوژمن بۆ سەركوت كردنی جەماوەری راپەرینی گەلی كورد، پاشان بەشداری داستانی كۆڕێی كرد ئەو داستانەی كە پێشمەرگەكانی قارەمان شەری مان و نەمانیان كرد و هاوسەری قارەمانم شەهید( محەمەدئەمین بابكەیی) و لە گەڵ هاوڕێی رۆژانی سەختی (عەلی سلێمان بابكەیی) هەردووكیان بەشداری شەڕی یەكەمی لە 7-4-1991 تۆمار كردنی داستانی كۆڕێ كردووە لە گەڵ هێزی بارزان، دواتریش لە رۆژی 11/4/1991 لە كاتی هێرشی دوژمن بۆ سەر كۆڕێ پاش شەرێكی قورس هاوسەرم لە گەڵ (عەلی سلێمان بابكەیی) بە گوللەی دوژمن شەهید دەبن و بوونە قوربانی بۆ گەل و وڵاتەكەیان. ئەمڕۆ یادی 22 ساڵەی شەهیدبوونیان دەكەینەوە كە بە خوێنی ئەوان و خۆراگری پێشمەرگەكانی پارتی و بارزانی داستانەكە تۆمار كرا و شەهید بوونیان لە پێناو ئازاد كردنی كوردستان هەڵبژارد،دوای 3 رۆژ هەواڵی شەهید بوونی هاوسەرم بۆ ئێمە گەیشت و ئەو ئاواتەی كە هاوسەرم هەبوو رۆژێك هەر دەبێ شەهید بین گەیشت ئاواتی و لە دوای خۆی 2 كوڕو 2كچی بە جێهشت و تەنها كچەكەی نەبینی كە لە دوای 3 مانگ شەهیدی بوونی هاوسەرم لە دایكبوو، ناوی كچەكەم ناونا ژیان، لە دوای شەهید بوونی هاوسەرەكەم لە سەر رێبازی بارزانیی نەمر پەروردە كرد، ئەمڕۆش شانازی بە خۆم دەكەم كە منداڵەكانم وەكو باوكیان خزمەت بە رێبازی كوردایەتی و بارزانی دەكەن.
• لە دایكە (شوكریا)مان پرسی ئەو یادگارییەكان لە وێنەكان و جەل و بەرگی هاوسەرت چ بە تۆ دەگەینێت گوتی:
ئەوان جەل و بەرگ و وێنەكان لە بیرم دهێنیتەوە ئەو رۆژانەی كە هەمووجار هاوسەری شەهیدم (محەمەدئەمین بابكەیی) بۆمنی باس دەكرت كە رۆژێك هەردێت كوردستان رزگار دەبێت ئەو رۆژ نە سالێك یان چەندەها ساڵ بەڵام لەوانەیە ئەمە ئەو رۆژانە نەبینن و هەتا ئەو یادگارییەكانی كە دوێنی رۆژانی سەختی قوربانیدان و ئاوارەبوون، من هەموو جار یادی هاوسەرم دەكەمەوە یادی رۆژانی سەختی خەباتی یادی سەرما و گەرما یادی ئەوبرسیەتی و بی جل و بەرگی و تینیویەتی یادی ئەو رۆژانەی كە هەردەم وفادار بووە بۆ رێبازی پارتی و بارزانی، هەرچەندە دوای شەهید بوونی فەرماندەی خوالێخۆشبوو (د.سەعید ئەحمەد نادر) سەردانی ئێمە خانوادەی شەهید كرد بە ئێمەی فەرموو: هاوسەری قارەمانت شەهید (محەمەدئەمین بابكەیی لە گەڵ شەهید عەلی سلێمان بابكەیی) و هێزی بارزان زۆر سەرسەختانە بەرگریان كرد و لە گەڵمان پێكهەوە مان و نەمانیان هەڵبژارد و لە شەڕی دووەم لە 11-4-1991 قوربانی كوردستان بوون وئەو داستانە بە خوێنی ئەوان ئازاد بوون و هەرچەندە خەسارەتێكی گەورە بۆ پارتی بوو هەردوكیان هەمیشە پێكهەوە خەباتیان كردووە .
• لە كۆتاییدا دایكە(شوكریا) گوتی:
ئەمڕۆ یادی داستانی كۆڕێ بەهاری 1991 دەكەینەوە، نابی شەهیدەكانمان و پێشمەرگە قارەمانەكان و خانەوادەی شەهیدان لە یاد بكەین، دەبێ ئەو دەسكەوتانە هەموویان بپارێزن، چونكە ئەو دەسكەوتانە هەموویان بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خەبات و ماندووبوونی پێشمەرگە قارەمانەكان و پارتی و بارزانییە. لە سایەی ئەوان خاوەن سەرۆكێكی خۆشەویستین كە ئەویش سەرۆك مسعود بارزانییە كە ئیدارەی ئەم كوردستانە دەكات. پێویستە هەموومان پاڵپشتی لە سەرۆك بارزانی بكەین، چونكە بە راستی بۆ ئاسایش و سەقامگیری كوردستان تێدەكۆشێت و خەبات دەكات. دواجار داوا لە هەموو دایكانی كوردستان دەكەم كە منداڵەكان ونەوەكانیان فێری رێبازی كوردایەتی بارزانیی نەمر بكەن، چونكە ئەو رێبازە بۆ ئامانجی كوردایەتیە. سڵاو لە پێشمەرگەكان و بریندارەكان و شەهیدەكانی داستانی كۆڕێ، هەزاران سڵاو لە گێانی هاوسەری قارەمانم شەهید محەمەدئەمین بابكەیی و شەهید عەلی سلێمان بابكەیی و گشت شەهیدانی رێگای رزگاریخوازی كوردستان و سەروەریان بارزانیی نەمر و كاك ئیدریسی هەمیشە زیندوو. سوپاس بۆ تۆ گەنج و كوڕە شەهید و رۆژنامەی خەبات كە ئێمە خانەوادەی شەهیدان بەسەر دەكەنەوە.
تیبینی: ئەم بابەتە لە ژمارەی(4297) رۆژنامەی خەبات لە (14-4-2013) بڵاوبوویتەوە.




