وەزیر بۆ KDP: پێشکەوتنەکانمان وای کردووە لەجیاتی دەرەوە خەڵک لێرە چارەسەر وەردەگرن

ھەولێر-KDP.info- وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لەمساڵدا لە کەرتی تەندروستی لە ھەرێمی کوردستان ھەنگاوی یەکجار گەورە نراوە و ساڵی گەڕاندنەوەی متمانەی ھاووڵاتیان بووە بە کەرتی تەندروستی. دەشڵێ، ھەرێمی کوردستان ئێستا بووەتە ناوەندێک بۆ چارەسەری نەخۆشان لە ھەرێمی کوردستان و دەرەوەش.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، لە ساڵی ٢٠٢٥دا لە کەرتی تەندروستی خزمەتێکی زۆر پێشکەشی خەڵکی خۆمان کراوە و ساڵی بەردەوامبوونی پڕۆژەکانی تەندروستی و کار و کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بووە، کە ھەنگاوی زۆر باش نراوە و ئەویش گەڕاندنەوە و بەھێزکردنی متمانە بوو بە دامودەزگا تەندروستییەکانی ھەرێمی کوردستان، کە بووەتە ناوەندێکی چارەسەری بۆ نەخۆشان و ھاووڵاتیان لە ھەرێمی کوردستان و خوشک و برایانمان لە تاراوگەشەوە دێنە ھەرێمی کوردستان بۆ چارەسەر.
پەیوەست بە کار و پڕۆژەکانی کەرتی تەندروستی لەمساڵدا، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، چەندین نەخۆشخانە و بەشی گرنگ کراونەتەوە، کە پڕۆژەی ستراتیژی بوون، لەگەڵ ڕێکخستنەوەی کەرتی تایبەت و درێژەپێدەری چاکسازییەکانی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی، ئەمەش ھۆکاری سەرەکیی گەڕاندنەوەی متمانەیە، کە بە شۆڕشی چاکسازیی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی دەناسرێت.
بەرزنجی هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا کەرتی تەندروستی لە ھەرێمی کوردستان ھێندە پێشکەوتووە وای کردووە خەڵک لەجیاتی دەرەوە، لە ھەرێمی کوردستان چارەسەر وەربگرن، بۆیە ساڵی بنبڕکردنی چەندین نەخۆشی بووە، وەکو چارەسەری نەخۆشانی تالاسیما بە نموونە و هەروەها ساڵی گرنگیدان بە فریاکەوتنەکان بووە، لەگەڵ دابینکردنی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بۆ کەرتی گشتی، بە تایبەت نەخۆشانی شێرپەنجە و نەخۆشییە دەگمەنەکان.
بڵند ئیبراھیم




