لە هەر ٦ قەزاکەی سۆران ١٤١٤ پڕۆژە جێبەجێ کراون

سۆران-KDP.info- دوای بە ئیدارە کردنی سۆران، پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وای کرد شارەکە گەشەسەندنێکی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت، لەم بارەیەوە، بەرپرسی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان داتای پڕۆژە جێبەجێ کراوەکانی ٤ ساڵی ڕابردوو و هاوکات ساڵی ٢٠٢٥ـی ئیدارەی سۆرانی خستەڕوو.
هەژار حەکیم بەرپرسی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دوا و گوتی، ''لە ماوەی دامەزراندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە چوار ساڵی ڕابردوو تا ئێستا، ١٤١٤ پڕۆژە جێبەجێ کراون، تەنیا لە ساڵی ۲۰۲٥، نزیکەی ٤۰ پڕۆژە جێبەجێ کراون، ئەم پڕۆژانه به گشتی هەر ٦ قەزای (سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان، سیدەکان، خەلیفان، ڕواندز) بە گوندەکانیشەوە دەگرێتەوە.
گوتیشی، "لە کۆی ئەو ١٤١٤ پڕۆژەیە، ٣٠٪ پڕۆژەکان بۆ گوندەکان تەرخان کراون، و ٧٠٪ پڕۆژەکانیش لە سەنتەری شار بووە، ئەمەش بەو واتایەی، ٤٢٦ پڕۆژە لە گوندەکان بووە و ۹٨٨ پڕۆژەش لە شارەکان. لە بواری ڕێگەوبان ٦٢٣ پڕۆژە جێبەجێ کراون. لە بواری بیناسازی ٢٢٣ پڕۆژە بە ئەنجام گەیشتوون. لە بواری ئاو و ئاوەڕۆ ٢١٣ پڕۆژە بووە. ۲١٠ پڕۆژە لە بواری کارەبا بووە. لە بوارە جۆراوجۆرەکانی تر ١٤٥ پڕۆژە جێبەجێ کراون. کۆی گشتی ئەم پڕۆژانە دەکاتە ۱٤۱٤ پڕۆژە."
هەژار حەکیم، لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕوونی کردەوە، "ئەو پڕۆژانەشی ستراتیجی بوون بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ جێبەجێکراون. کە برییتین لە پڕۆژەکانی سپیلک-خەلیفان، شەقامی ٤۰ مەتری، شەقامی ٣٠ مەتری، جووتسایدی حاجی ئۆمەران و ئۆڤەرپاسی دەروازەی سۆران."
ئەژین غەفار




