سەرۆکی دەستە: ئەمساڵ هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە سەدان شاندی جیهانی کردووە

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ دووشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2025، د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند "حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت کەرتی تایبەت بکاتە شەریکێکی ڕاستەقینەی حکوومەت بۆ وەبەرهێنان و گەشەپێدانی ئابووریی هەرێم؛ لەو بوارەشدا ئاسانکاریی زۆری بۆ پێدانی مۆڵەت و کارکردنی کەرتی تایبەت دابین کردووە."
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، گوتیشی: تا ئێستا کەرتی تایبەت 161 هەزار دەرفەتی کاری بۆ خەڵکی کوردستان، بە شێوەیەکی ڕاستەخۆ ڕەخساندووە و بە شێوەی ناڕاستەوخۆش هەزاران دەرفەتی دیکە ئامادەن.
محەممەد شوکری، ڕاشیگەیاند "ئەمساڵ، دەستەی وەبەرهێنان بەشدارییەکی کارا و کاریگەریی لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤووس کرد و 'ماڵی کوردستانی' لەوێ دامەزراند. هەروا بە هاوکاریی نووسینگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم، لەگەڵ بەرهەمهێنەرانی هۆڵەندی گرێبەستی چەندان پرۆژەی کشتوکاڵییان مۆر کردووە و لەگەڵ کۆمپانیا ئیتاڵییەکانیش گرێبەستی پرۆژەی ڕێکخستنەوە و پێشخستنی گەلی عەلی بەگ و تەلەفریکیان مۆر کردووە و ئەو پرۆژانە، ئێستا لە بواری جێبەجێ کردندان."
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: دەستەی وەبەرهێنان، هەر ئەمساڵ بۆ یەکەمجار، بەشداریی لە گەورەترین پیشانگەی کشتوکاڵیی جیهانیی لە پاریس کرد و کۆمپانیا کشتوکاڵییەکانی کوردستان بەرهەمەکانی خۆیانیان لەوێ نمایش کرد. جگە لەوەش، بەشدارییەکی کارامان لە پێشانگەی کشتوکاڵ لە ئیستابوڵ کرد. هەروا بەشدارییەکی چالاکانە و کارامان لە کۆڕبەندی وەبەرهێنان لە ئەبو زەبی و پیشانگەی خەلیج، لە دوبەی کرد.
محەممەد شوکری، جەختی لەوەش کردەوە "ئەمساڵ هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە سەدان شاندی بیانیی بازرگانی و ئابووریی جیهانی کردووە بۆ ئەوەی سوود لە هەلەکانی بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان ببینن.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، ئاماژەی بەوەش دا: لەم ساڵدا، بەردی بناغەی چەندان کارگە و پرۆژەی گەورەمان لە هەرێمی کوردستان داناوە، لەوانە: دانانی بەردی بناغەی گەورەترین کارگەی کەرپووچ لە عێراق. کارگەی دروستکردنی ڕۆڵەی ئاسن، کە بڕیارە لە ماوەیەکی کەمدا بکەوێتە کار و پێداویستی ناوخۆ دابین بکات و هەناردەی دەرەوەش بکرێت. هەروا گەورەترین کارگەی دروستکردنی مەوادی خانوو و بەرە، کە کارگەیەکی زۆر گرنگ و پێویستە.
محەممەد شوکری، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: دروستکردن و دەستبەکاربوونی پرۆژەی 'مێگەل' بۆ دابینکردنی گۆشت و شیرمەنی، کە پرۆژەیەکی ستراتیجیی گرنگە و هەلی کاری بۆ 500 کەس دابین کردووە، یەکێکە لە کارە گرنگەکانی دەستەی وەبەرهێنان."




