٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارێزگاری ھەولێر بۆ KDP: خاڵە لاوازەکانی ساڵانی ڕابردوو چارەسەر کراون

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- پارێزگاری ھەولێر دەڵێت، لە ساڵانی ڕابردوو هەندێ خاڵی لاواز ھەبوون، دەبوونە ھۆی دروستبوونی لافاو لە ھەولێر، ئێستا زۆربەیان چارەسەر کراون، تەنیا سێ خاڵ ماون، ئەوانیش ڕەزامەندییان ھەیە چارەسەر بکرێن، چونکە سەرەڕای ئەوەی دوێنێ بارانێکی زۆر لە ھەولێر باری، لافاو دروست نەبوو و زیانیشی نەبووە، ئەگەر ئەمە پێشتر بووایە زیانی زۆری دەبوو." 

پەیوەست بە مەترسی درووست بوونی لافاو ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "لە پارێزگای ھەولێر لەسەر دوو ئاست کار کراوە بۆ ڕێگرتن لە دروستبوونی لافاو، ئەمەش دوای ئەو کارەساتەی لە ساڵی ٢٠٢١ ڕوویدا، ئەوکات دوای ڕووداوەکە بەدوای ھۆکارەکاندا گەڕاین، کۆنفرانسێکی زانستی ئەنجامدرا و نەخشەڕێگەیەک لە سنووری پارێزگای ھەولێر دانرا، لە ئاستی بابەتە ستراتیژییەکان کاری گەورە کراوە، تەواوکردنی بەنداوەکان و دروستکردنی ژمارەیەکی زۆری پۆند و دروستکردنەوەی ڕێڕەوی کەندی دەوروبەری ھەولێر بە درێژی ٧٠٠ کم و دروستکردنی چەندین ئاوەڕۆی لولەیی و سندووقی، بوونە ھۆی ئەوەی مەترسی لافاو کەمبێتەوە، لە دوێنێوە تا ئەمڕۆ زیاتر لە ٧٠ملم باران باریوە و ئێستاش بەردەوامە، ئەگەر ئەوە ساڵی ٢٠٢٠ بوایە لافاوی زۆر گەورە دروست دەبوو، چونکە ھەر بە ١٠ملم باران بارین مەترسی دەستپێدەکات، بەڵام شەوی ڕابردوو بەرەبەیان زیاتر لە ١٥ملم باریوە، ئەمە پێمان دەڵێت بابەتە ستراتیژییەکان کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی مەترسی دروستبوونی لافاو ھەبووە، بابەتی لافاو تەنیا لە ھەرێم نیە، لەسەر ئاستی جیھان لافاو مەترسی ھەیە." 

خۆشناو گوتیشی، "ئەم شەو  چەند حاڵەتێکمان ھەبووە، ئەویش لافاو نەبووە، بەڵکو ئەوەی چەمچەماڵ و ئەوەی پێش چەند ساڵێک لە ھەولێر ڕوویدا و کۆنترۆڵ لەدەست دەردەچێت و تیم ناتوانێت کار بکات و شەقام دەگیرێن و خانوو پڕ ئاو دەبن ئەوە لافاوە، بۆیە تا پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە سەنتەری ھەولێر بارانی زۆر  باریوە، بەڵام زیانی نەبووە، بۆیە ئەوەی لە ھەولێر کراوە دیاریکردنی خاڵە لاوازەکان بووە، سێ خاڵمان ماوە بۆیە تا بەرەبەیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەخەت بووین، گەر ھاووڵاتی پابەندی ڕێنمایی و پاکڕاگرتن بن لافاو دروست نابێت." 

دەشڵێت، "ئەوەی خاڵی لاوازە ١٠٠مەتری تا سەر ڕێگەی شەقڵاوەیە، دەرخستەی بۆ کراوە و ڕەزامەندیش کراوە، ملیارێکی پێویستە بۆ ئەوەی چارەسەر بکرێت، خاڵێکی دیکەیش نزیک یاریگای شەھید فەرەنسۆ ھەریرییە، ئەویش بودجەی بۆ تەرخان کراوە ٧٠٠ملیۆن دینارە،  خاڵی ھەرە سەرەکی لە گڵکەند دەست پێدەکات بۆ بازاڕی نیشتمان و سەیداوە، لە بازاڕی نیشتمان ئاوەڕۆیەکی گەورە ھەبوو، بە ئاوەڕۆیەکی بچووک ئەو گرفتە چارەسەر کراوە، ١٢ ملیاری دەوێت چارەسەر بکرێت، چونکە مەنھۆڵێکی گەورە ڕاگیراوە بۆتە ھۆی ئەوەی ببێتە خاڵی لاواز، ئەگەر بودجە لەبەردەست بێت ئەوەی ١٠٠مەتری لەماوەی مانگێک چارەسەر دەبێت، ئەوانەی دیکە کاتیان دەوێت." 

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار