حكوومه‌ت هه‌نگاوی گه‌وره‌ی ناوه و ئێستاش هه‌ندێ به‌رهه‌م زیاد له پێداویستی ناوخۆن

ھەولێر-KDP.info- شاره‌زایه‌كی كشتوكاڵ پێی وایه، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاوی گه‌وره‌ی ناوه بۆ به پیشه‌سازیكردنی به‌رهه‌می ناوخۆ و ده‌شڵێ، چه‌ندین كارگه كراونه‌ته‌وه و خواستێكی زۆریش له‌سه‌ر به‌رهه‌می ناوخۆ هه‌یه.
حوسێن حه‌مه كه‌ریم، شاره‌زای بواری كشتوكاڵ، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند، "زیادكردنی به‌رهه‌م هه‌نگاوی باشی بڕیوه، به‌تایبه‌تی له به‌رهه‌مهێنانی زه‌یتوون هه‌رێمی كوردستان چووه‌ته پێشه‌وه، چونكه ڕۆژانێك جووتیاران گله‌یی ئه‌وه‌یان هه‌بوو به‌رهه‌مه‌كانیان به بازاڕ ناكرێت یانیش كارگه‌یه‌ك نیه بۆ ئه‌وه‌ی زه‌یتوونه‌كانیان بكه‌نه زه‌یت، به‌ڵام له ئێستادا چه‌ندین كارگه‌ی زه‌یتی زه‌یتوون هه‌ن هه‌م به‌رهه‌می زه‌یتوون زیادی كردووه هه‌میش كێشه‌ی به بازاڕكردن و به‌رهه‌مهێنانی زه‌یتی زه‌یتوون نه‌ماوه، داری زه‌یتوونیش وه‌ك به‌رهه‌مه‌كانی دیكه نیه و به‌رگه‌ی وشكه‌ساڵی و كه‌م ئاوی ده‌گرێت.
ئه‌و شاره‌زایه‌ی كشتوكاڵ گوتیشی، "له به‌رهه‌مه‌كانی دیكه‌ش گه‌شه‌كردن هه‌یه بۆ نموونه به‌رهه‌می هه‌ناری كوردستان به بازاڕ ده‌كرێت چ له ڕێگه‌ی هه‌نارده‌كردنی بۆ بازاڕه‌كانی ده‌ره‌وه یانیش كردنه‌وه‌ی ڤیستیڤاڵ بۆ به‌رهه‌می ناوخۆ، ئه‌مه هه‌نگاوی زۆر باشن بۆ گرینگدان به به‌رهه‌می ناوخۆ هاندانی جووتیاران بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر گرینگی به كشتوكاڵ و به‌رهه‌می ناوخۆ بده‌ن، به‌تایبه‌تی به شێوازی زانستی په‌روه‌رده‌ی به‌رهه‌مه‌كانیان بكه‌ن، به ئومێدی ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زیاتر پشتگیری جووتیاران بكات بۆ هه‌نارده‌كردنی به‌رهه‌می ناوخۆ بۆ بازاڕه‌كانی جیهان.
حوسێن حه‌مه كه‌ریم ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، "به پیشه‌سازی کردنی خۆراك هه‌نگاوێكی دیكه‌یه بۆ به بازاڕكردنی به‌رهه‌مه كشتوكاڵییه‌كان، له ئێستادا چه‌ندین كارگه‌ی ناوخۆیی هه‌ن بۆ ساخكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می جووتیاران، ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر به بازاڕكردنی به‌رهه‌می ناوخۆ هه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ندێ به‌رهه‌م زیاد له پێداویستی ناوخۆ هه‌ن و پێویستیان به پیشه‌سازی كردن هه‌یه.
هه‌ر په‌یوه‌ست به پیشه‌سازی كردنی به‌رهه‌می ناوخۆ حوسێن حه‌مه كه‌ریم گوتی، "هۆكاری گه‌وره‌ن بۆ ئه‌وه‌ی جووتیاران دڵنیابن به‌رهه‌مه‌كانیان به بازاڕ ده‌كرێن و به پیشه‌سازی ده‌كرێن، هه‌روه‌ها كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌لیكار و كه‌مكردنه‌وه‌ی هاورده‌كردنی به‌رهه‌می بیانی هه‌یه، چونكه به‌رهه‌می ناوخۆ له‌ڕووی كوالێتیه‌وه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ به‌رهه‌می بیانی به‌راورد ناكرێت، ئه‌و ڕۆشنبیریه لای هاووڵاتیانیش هه‌یه كه به‌رهه‌می ناوخۆ زۆر باشتره له به‌رهه‌می هاورده و زیاتر خواست له‌سه‌ر به‌رهه‌می ناوخۆ هه‌یه.
قائید میرۆ




