دکتۆر بەشیر بۆ KDP: گوتارەکانی ڕۆژی ھەینی کاریگەریان زیاتر پەیداکردووە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی بۆردی باڵای گوتاری ئاینی لە وەزارەتی ئەوقاف دەڵێ، دوو ساڵە گوتاری ئاینی لە ھەرێمی کوردستان ڕێکخراوە و کاریگەری زیاتری ھەیە لەسەر ھاووڵاتیان، ھەروەھا جەختیش دەکاتەوە کە ھەماھەنگی زۆر باش لە نێوان وەزارەتی ئەوقاف و مامۆستایانی ئاینی ھەیە.
د. بەشیر حەداد، سەرۆکی بۆردی باڵای گوتاری ھەینی لە وەزارەتی ئەوقاف، لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "ئێمە تا ئێستا توانیومانە وەک بۆردی باڵای گوتاری ئاینی متمانە لە نێوان مامۆستایانی ئاینی و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی دروست بکەین، یەک دوو ساڵی ڕابردووش دیاربووە چیمان کردووە بۆ یەکخستنی گوتاری ڕۆژی ھەینی، لە سەرەتادا لەوانەیە خەڵکێک ھەڵە تێگەیشتن ھەبووبێت لەوەی ھەندێک مامۆستا پێی وابێت نیەتەکە بۆ کۆت و بەندکردنی مامۆستای ئاینییە، بەڵام دواتر دەرکەوت پلانی ئێمە و حکوومەت تەنیا بۆ ڕێکخستنەوەی گوتاری ئاینیە لە ھەرێمی کوردستان، چونکە پێش دامەزراندنی بۆردی باڵا پەرش و بڵاویەک ھەبوو لە گوتاری ڕۆژی ھەینی".
سەرۆکی بۆردی گوتاری ئاینی دەشڵێت، "مامۆستایانی ئاینی پابەند نەکراون بە گوتارێکی دیاریکراو، بەڵکو بۆ ھەر ھەینیەک دوو ناونیشانیان بۆ دیاری دەکرێت و مامۆستای ئاینی بەپێی تێگەیشتنی خۆی بۆ ھاووڵاتیان شرۆڤەی دەکات، ھەموو ناونیشانەکانی گوتاری ڕۆژی ھەینیش زیاتر گرێدراون بە لایەنی دینداری و پێکەوەژیان و چاکسازی و دڵسۆزی بۆ خاک و نیشتیمان، ھەروەھا وشیارکردنەوەی خەڵکی لە تاوان و ئەو کردەوە ناشیرینانەی ڕوو لە وڵاتی ئێمە دەکەن بۆ نموونە وشیارکردنەوەی ھاووڵاتیان لە مەترسیەکانی ماددەی ھۆشبەر".
د. بەشیر حەداد ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، "لەوەتەی بۆردی باڵای گوتاری ئاینی دامەزراوە ڕەوشەکە زۆر باشترە، ھەتا گوتارەکانی ڕۆژی ھەینی زیاتر کاریگەری پەیداکردووە لەناو ھاووڵاتیان و دیاریکردنی گوتارەکانیش بە ڕاوێژ لەگەڵ مامۆستایانی ئاینی بۆ ھەموو حەفتەیەک ئامادە دەکرێت و مەبەست لێی ڕێکخستنی گوتارە بۆ ئەوەی زیاتر کاریگەری دروست بکات".
قائید میرۆ




