فەرھاد ئەترووشی بۆ KDP: پارتی جەخت لەسەر سێ بنەما دەکاتەوە

دھۆک-KDP.info- فەرھاد ئەترووشی، کاندیدی سەرکەوتووی پارتی بۆ پەرلەمانی عێراق گوتی، پارتی دیموکراتی کوردستان لە دانوستانەکانی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکاندا، جەخت لەسەر سێ بنەمای دەستووری دەکاتەوە بۆ حکوومەتی داھاتووی عێراق، ئەوانیش (هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان)ن.
فەرھاد ئەترووشی، کاندیدی سەرکەوتووی پارتی بۆ پەرلەمانی عێراق لە پارێزگای دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، لە عێراق کێشە زۆرە لە نێوان ھەرێم و بەغدا و لە نێوان شیعە و سوننەشدا، بۆیە پێویستە لایەنە دەسەڵاتدارەکان کە خۆیان بە زۆرینە دەزانن، گوێ لە ھەرێمی کوردستان بگرن، داواکاریی زۆرمان ھەیە، وەکو خزمەتگوزاری بۆ ھەموو عێراق و کێشەی سیاسیش، بەتایبەت مووچە و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان، بۆیە بەردەوام سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیی پارتی جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە پێویستە عێراقێکی فیدراڵی و دیموکراسیی ڕاستەقینە و بەپێی دەستوور دروست بێت، ئەو دەستوورەی لەسەر سێ بنەما نووسراوە، ئەویش هاوبەشی، هاوسەنگی و سازانن، چونکە دەستووری عێراقی نوێ لەسەر ئەو بنەمایە نووسراوە، بۆیە پێویستە ئەوانە جێبەجێ بکرێن، کە بێگومان بەبێ فیدراڵیەت عێراق شکست دەخوات و کێشەی کورد چارەسەر نابێت، بۆیە فیدراڵیەت تاکە گەرەنتییە بۆ ھەبوونی مافی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا.
پەیوەست بە گەڕانەوە بۆ سێ بنەماکەی دەستووری عێراق، ئەترووشی دەڵێ، ئەگەر عێراق نەگەڕێتەوە بۆ سێ بنەماکەی دەستوور، سەقامگیر و پێشکەوتوو نابێت. ئەگەر دەیانەوێت عێراق سەقامگیر و خۆشگوزەران بێت و لای ھەمووان قبوڵکراو بێت لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و نێودەوڵەتیدا پێگەی هەبێت، پێویستە دەستوور جێبەجێ بکرێت، بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان بەبێ سێ بنەمایەکەی دەستوور، کابینەی نوێی قبووڵ نییە، چونکە کورد بەشێکی سەرەکییە لە عێراق، ئەگەر کورد بەشدار نەبێت، عێراقێکی تەواو نابێت."
دەشڵێ، کورد لە عێراق ١٥ بۆ ٢٠% دەبێت، وەکو ژمارە ناتوانین ٨٠%ی لە بڕیاردان بوەستێنین، بۆیە پێویستە تەوافوق و فیدراڵی پێکەوە ببەسترێنەوە و کورد وەکو نەتەوە و پێکھاتەیەکی جیاواز مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، ئێمە کوردین و عەرەب نین و جوگرافیا و مێژوومان جیاوازە، پێویستە ئەمە لەبەرچاو بگرن، گەر تەوافوق هەبێ و تەوازن لە پۆستەکاندا هەبێت و بڕیار بە تەوافوق بدرێت، ئەمە وا دەکات ببینە هاوبەش، ئەگەر شەریک نەبین ناتواندرێت لە بڕیاردان بەشدار بین، ئەگەر ئەو سێ بنەمایە لەبەرچاو بگرن، ئێمەش دەبینە هاوبەشی ڕاستەقینە لە عێراقدا.
بڵند ئیبراھیم




