كوێستان محەممەد لە ڕێگەی KDPیەوە باس لە چاکسازییەکانی وەزارەتی کۆمەڵایەتی دەکات

سلێمانی-KDP.info- وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی، باس لە چاكسازییەكان دەكات و دەڵێت، دیاردەی ماددەی هۆشبەر و بردنەژوورەوەی مۆبایل كۆتایی پێ هێندراوە، هەوڵیشمان داوە مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەت زیاد بكرێت.
كوێستان محەممەد، وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیوکراتی کوردستان گوتی، "لە ڕێگەی سەنتەری ڕاهێنان و پیشەییەكان لەهەر چوار پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانەوە، 944 خولی جۆراوجۆر كراونەتەوە، 13،599 گەنج لە هەردوو ڕەگەز خولەكانیان تەواو كردووە کە 30% بوونەتە خاوەن كاری خۆیان و خەڵكی ترشیان خستووەتە سەر كار".
سەبارەت بە چاكسازییەكانیش دەڵێت، ''بەردەوام ئێمە دووپاتی دەكەینەوە، شۆڕشێكی چاكسازیمان كردوە، نە بردنەژوورەوەی ماددەی هۆشبەر و مۆبایل ماوە نە چەندین دیاردەی ناشرین که بەتەواوی لە زیندانەکاندا بنبڕمان كردوون.
وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی ئەوەش دەخاتەڕوو، "چاكسازیی گەوران زۆر قەرەباڵخن، لە سلێمانی 1716 سزادراومان هەیە، 2232 سزادراومان هەیە، لە دهۆك زیاتر لە 1500 سزادراومان هەیە، لە هەولێر و سلێمانی دوو بەرامبەر سزادراو لە چاكسازییەكانن، ئەمەش پڕۆسەی چاكسازی خاودەكاتەوە، قوتابخانە و نەخۆشخانە و هۆڵی سیمینار و كتێبخانە بۆ ئەو ڕێژە سزادراوانە دروست نەكراوە".
کوێستان محەممەد نایشارێتەوەو دەڵێ، ''ئێمە نامانەوێت مووچەی خاوەن پێداویستی تایبەت وەك عێراقی لێبێت، چونكە خاوەن پێداویستی تایبەت و كەمئەندام و كورتەباڵاكانمان زۆر زیان دەكەن، دەمانەوێت بەپێی یاسای پەسەندكراوی ساڵی 2011ی پەرلەمانی كوردستان، هیچ خاوەن پێداویستی تایبەتێك نەبێت مووچەكەی لە 250 هەزار كەمتر بێت، لە وەزارەتی دارایی عێراق و وەزارەتی كاری عێراق، داوامان كردووە مووچە زیاد بكرێت، هەوڵێك هەیە كە بودجەی ساڵی 2026 تەرخانی دارایی كەمئەندامی نوێ و زیادكردنی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان تەرخان بكرێت.
عەزیز ڕەسووڵ




