٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسی لقی 15 بۆ KDP: پارتی لە ڕێگەی حكوومەتەوە خزمەتگوزاری ناو شارەكان بۆ گوندەكانیش دەگوازێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

خانەقین-KDP.info- ڕۆژی پێنجشەممە، 18ی کانوونی یەکەمی 2025، کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی و بە ئامادەبوونی جێگرانی سەرۆک و ئەندامانى کۆمیتەى ناوەندى و بەرپرسى لقەکان، کۆبوونەوەیەکی فراوانی ئەنجام دا، لە تەوەری پێنجەمی کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر زیاتر پتەوکردنى پەیوەندى لەگەڵ جەماوەرى شار و لادێکان و ئۆرگانەکانیش ببنە ئەڵقەیەکى خێراترى گەیاندنى داواکارى و ڕا و پێداویستییەکانیان بۆ سەرکردایەتى.

لەو بارەیەوە ئەكبەر حەیدەر، بەرپرسی لقی 15ـی خانەقینی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "پارتی لە ڕێگەی بنكە و ڕێكخراو و لیژنەی ناوچەكانییەوە لە شار و لادێ، پێشنیازی جەماوەر وەردەگرێت، سەركردایەتی ئاراستەی حكوومەتی دەكات بۆ ئاوەدانكردنەوە و جێبەجێكردنی داواكاریی جەماوەر. پارتی دەیەوێت لە ڕێگەی ئاوڕدانەوە و خۆشگوزەرانی بۆ گوندنشینەكان، ژێرخانی ئابووریی كوردستان بەهێزتر بكات".

ئەكبەر حەیدەر دەڵێ، "پارتی ئەو خزمەتگوزارییەی لەناو شارەكان هەیە، بۆ گوندەكانی دەگوازێتەوە، کە خزمەتگوزارییەکانی ڕێگەوبان، ئاو، تەندروستی، پەروەردە و تا دوایی، بۆ دانیشتووانی گوندەكان فەراهەم دەكات، بۆ ئەوەش پێویستە كادیرانی ئێمە لەگەڵ جەماوەر زیاتر تێكەڵ بن و داواكاری و پێشنیازەكانیان بۆ سەرووی خۆیان بەرز بکەنەوە، دەرگای ئۆرگانەكانی پارتیش بۆ جەماوەری كوردستان بێ جیاوازی كراوەیە".

بەرپرسی لقی 15ـی خانەقین ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات: "پارتی بەرپرسیارەتیی زیاتری لەسەر شانە، چونکە دەنگی زۆرینەی ڕەهای جەماوەری بەدەست هێناوە، بۆیە دەبێت ئۆرگانەكانی پارتی دڵسۆز و چالاک بن و پردی گەیاندنی داخوازییەكانی جەماوەری كوردستان بن بۆ بڕیاربەدەستانی وڵات".

 

عەزیز ڕەسووڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار