٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

میدیاكانی میسر بە بایەخەوە باسی سەردانەكەی مەسروور بارزانی بۆ وڵاتەكەیان دەكەن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەردانەكەی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ قاهیرەی پایتەختی میسر و پێشوازیی گەرمی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆكی میسر، دەنگدانەوەیەكی گەورە و فراوانی لەناو ڕاگەیاندنی میسریدا هەبوو، ئەمەش قووڵایی پەیوەندیی مێژوویی و سیاسیی نێوان میسر و هەرێمی كوردستان دەردەخات.

سەردانەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ قاهیرە لەلایەن ئاژانس و دەزگا ڕاگەیاندنە ناودارەكانی ئەو وڵاتە وەك (ئەهرام، یەوم ئەلسابع، ئەلوەتەن، ئەلدەستوور، سەوت ئەلئوممە) جگە لە پەخشی چڕوپڕی تەلەڤزیۆنی لە كەناڵەكان، دیارترینیان كەناڵی (ئەلحەیات) كە بەپەلە و بە وردی سەردانەكە و پێشوازییەكەی گواستەوە و تیشكیشی خستە سەر ئاماژە سیاسییەكانی ئەو سەردان و دیدارە.

ڕاگەیاندنەكانی میسر لە پەخش و ڕاپۆرتە هەواڵەكانیان تیشكیان خستە سەر پەیامی سیاسیی سەردانەكە و ئاستی هەماهەنگیی ئەمنیی نێوان هەردوو دامەزراوەی ئەمنیی میسری و هەرێمی كوردستان، وەك هەوڵێك بۆ پاراستن و بەهێزكردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەكە و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكانی هەرێمایەتی، بەتایبەت مەترسییەكانی تیرۆر.

(بەوابەی ئەهرام) ئاماژەی بە ستایشەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد لە ڕۆڵی هەرێمیی میسر وەك ڕاگرێكی سەرەكی بۆ سەقامگیری لە ناوچەی عەربیدا و جەختیشی كردەوە كە قاهیرە  هاوبەشێكی گرنگە لە پاڵپشتیكردنی ئاسایش و سەقامگیری و گەشەسەندن.

لای خۆیەوە پێگەی (ئەلیەوم ئەلسابع) تیشكی خستە سەر لایەنی ئابووری و نووسیویەتی: ”سیسی داوای لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد سوود لە كۆمپانیاكانی میسری ببینن بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكانیان“، وەك ئاماژەیەك بۆ حەز و ویستی میسر بۆ گواستنەوەی ئەزموون و شارەزایی گەشەسەندن و بیناسازی بۆ هەرێمی كوردستان.

ڕۆژنامەی (ئەهرام) لە پێگەی (ئێكس)دا ئەو دیمەنانەی بڵاو كردوونەتەوە، كە تیایدا بە گەرمی پێشوازیی لە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكرێ، ئەمەش بۆچوونێكی ئەرێنی لای ڕای گشتیی میسری و عەرەبی دروست كردووە سەربارەت بە پەیوەندییە توندوتۆڵەكانی نێوان هەردوولا.

تێكڕای ڕۆژنامە و پێگەكانی هەواڵ وێنەی تەوقە گەرموگوڕەكەی هەردوو سەرۆكی میسر و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری بڵاو كردووەتەوە، وەك گوزارشتێك بۆ جددییەتی گفتوگۆ لەسەر ئەو دۆسییانەی خراونەتە بەرنامەی سەردانەكە. بەتایبەت كەناڵی (ئەلحەیات) گرنگییەكی زۆری بە پەخشی سەردانەكە و پێشوازییەكە دا.

كەسانی شارەزا و  ئاگادار پێیان وایە، گرنگیدانی میدیای میسری بەم شێوە بەرفراوانە بۆ ئەو سەردانەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تەنیا بۆ گواستنەوەی پەخشی پرۆتۆكۆلی نییە، بەڵكوو لە چوارچێوەی پەخشی ستراتیژیی دایە و ئامانج لێی جەختكردنەوەیە لەسەر ڕۆڵی میسڕ بۆ سەقامگیریی عێراق بە تێكڕای پێكهاتەكانییەوە، لەگەڵ كردنەوەی ئاسۆیەكی نوێ بۆ هاوكاری و هەماهەنگیی ئەمنی و ئابووری لەگەڵ هەرێمی كوردستان.

ئەمە لە كاتێكدایە كە ڕۆژی شەممەی رابردوو (٢٠ی ١٢ی ٢٠٢٥) مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی كابینەی حكوومەتەكەی، بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە قاهیرەی پایتەختی میسر و لەلایەن بەرپرسە باڵاكانی وڵاتەكە بەگەرمی پێشوازیی لێكرا.

 

هەواڵی پەیوەندیدار