٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی سوپاسی یونامی دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP. info-  مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یونامی) دەربڕی بۆ 22 ساڵ خزمەتکردنی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەوەش دوای بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەرکی نوێنەرایەتییەکە لە 31ی کانونی یەکەمی 2025 بە فەرمی.

 هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە، نیوەڕۆخوانێکی بۆ تیمی یونامی سازکرد و ستایشی ڕۆڵی ئەرێنیانی کرد، لە سەرەتای دامەزراندنی بەپێی بڕیارنامەی ١٥٠٠ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٠٣. 

لە ماوەی دوو دەیەیە، ئەم نوێنەرایەتییە ڕۆڵێکی سەرەکی بینی لە پشتیوانیکردنی پرۆسەی سیاسی عێراق، گواستنەوەی دیموکراسی، ئاشتەوایی نیشتمانی، ئامادەکاری هەڵبژاردنەکان، چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ و هەماهەنگیی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان. 

بەڕێز سیوەیلی ئاماژەی بەوە کرد "یونامی وەک پردێکی بنەڕەتی لەنێوان پێشهاتە ناوخۆییەکانی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاری کردووە، ئەمەش جێگای پێزانینی گەل و هەرێمی کوردستان بە گشتی و پارتی دیموکراتی کوردستانە بە تایبەتی." 

 کۆتاییهێنان بە ئەرکی یونامی دوای داواکاریی لەلایەن حکوومەتی فیدراڵی عێراقەوە هات، هەرێمی کوردستانیش بە بڕیارێکی سیاسی دەزانێت و پێی وایە عێراق پێویستییەکی زۆری بە هاوئاهەنگی و پشتیوانی نێودەوڵەتی هەیە، بۆ زیاتر بەهێزکردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت و پشتیوانی لە پرۆسەی دیموکراسی و پێشکەوتن. 

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە سەردانێکی ئەم دواییەیدا بۆ بەغدا، ئەم گواستنەوەیەی بە سەرەتای لاپەڕەیەکی نوێی لە پەیوەندی نەتەوە یەکگرتووەکان و عێراق وەسف کرد.

سەرەڕای داننان بە کاریگەرییە سەروەرییەکانی بڕیارەکە، مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی نیگەرانیی خۆی دەربڕی لە کۆتایهاتنی ئەرکی یونامی لە عێراق، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی گوتی "عێراق هێشتا پێویستی بە پشتیوانیی بەهێزی نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەکان، بەرەوپێشبردنی حوکمڕانی باش و ئاسانکاری بۆ گفتوگۆ لەنێوان پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی." 

 بەڕێزیان جەختی لەوە کردەوە "بوونی یونامی گرنگییەکی زۆری هەبوو لە یارمەتیدانی بەڕێوەبردنی ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان."

 پارتی دیموکراتی کوردستان هیوای سەرکەوتنی بۆ کارمەندان و تیمی یونامی خواست و سوپاسی کاری پیشەیی کردن.  

بەڕێز سیوەیلی دووپاتی کردەوە " بەردەوامی ڕۆڵی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانیکردن لە سەقامگیری و پاراستنی مافەکان و بەدەستهێنانی حوکمڕانی گشتگیر و باش کە لەبەرژەوەندی گەلانی عێراق بێت بەگشتی گرنگە." 

هەواڵی پەیوەندیدار