٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بۆ KDP: چالاکییەکانمان فراوانتر دەکەین

سەرچاوە: KDP.info

ئەورووپا-KDP.info- سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، گرنگیی ڕۆڵی سەرۆك بارزانی دەخاتەڕوو و باسی فراوانبوونی پانتایی ڕێکخراوەیی و کردنەوەی چەندین لق و فیدراسیۆنی نوێ لەژێر سایەی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لەسەر ئاستی جیهان دەکات و دەڵێت، خەڵكێكی زۆر پەیوەندیمان پێوە دەكەن بێنە ناو ڕەوەندەكەمانەوە.

د. ئیسماعیل کامیل، سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند، ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە پشتگیریکردنی فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی زۆر گرنگە بۆ یەکڕیزیی کوردستانیان و پەرەپێدان بە هێڵی نەتەوەیی و نیشتمانی، ڕۆژانە خەڵکێکی زۆر پەیوەندی دەکات بێنە ناو کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانییەوە.

سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، هەروەها ئاماژە بەوەش دەدات كە بەشداریی ئافرەتان و گەنجان فراوان و زیاتر بووە، هەروەها بەپێی دەستوور کۆنگرەی دووەمی فیدراسیۆنەکە کە ساڵی پار لە ئەڵمانیا بەسترا، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا چەندین ئۆفیسی نوێ کراونەتەوە کە پەیوەندییان لەگەڵ کۆمیتەی بەڕێوەبەریی کۆنفیدراسیۆن هەیە.

لەبارەی ئۆفیسەكانەوە د. ئیسماعیل گوتی، ئۆفیسەكانمان بریتین لە: ئۆفیسی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان، ئۆفیسی ڕێکخستن، کۆمیتەی هاوکاری لە هەموو وڵاتان، ئۆفیسی ڕاگەیاندن، ئۆفیسی زمانی کوردی کە لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیدایە بۆ فێرکردنی زمانی کوردی بەردەوامە و هەزاران کەس بۆ فێربوونی زمانی کوردی خۆیان تۆمار کردووە، هەروەها ئۆفیسی لاوان کە کۆمیتەی خۆیان لە وڵاتان دروست کردووە، ئۆفیسی ئافرەتانیش بەر لە چەند ڕۆژێک لە ئەڵمانیا دامەزرا، ١٢ لقی هەیە، لە وڵاتانی جۆراوجۆر کار دەکات، هەروەها ئۆفیسی شارۆمەندیی کراوەتەوە و بەشی یاساییش زۆر گرنگە لەو پرۆسەیەدا، هەشتەمین ئۆفیس کە کراوەتەوە ئۆفیسی ئابووریی ڕەوەندی کوردستانییە بۆ پەیداکردنی سپۆنسەری و پشتگیریی دامەزراوەکە.

پەیوەست بە چالاکییەکانی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، دکتۆر ئیسماعیل گوتی، "کۆنفیدراسیۆن گەلێک چالاکیی جۆراوجۆری لە دەرەوەی وڵات ئەنجام داوە، نەورۆزی کۆڵن نموونەیەکی بەرچاو بوو، پتر لە ١٥٠ هەزار کەس تێیدا بەشدار بوون، ئێمە لە پەیوەندیی بەردەوامداین لەگەڵ وڵاتان و سەردانی زۆربەی وڵاتانی ئەورووپی و ناوەندە گرنگەکانی ئەو وڵاتانە دەکەین."

"ئامانجی سەرەکیی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، کۆکردنەوەی پشتگیریی جیهانییە بۆ پرسی نەتەوەیەكی پەنجا ملیۆنی." سەرۆكی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی وای گوت.

 

سەلاح جەلال

هەواڵی پەیوەندیدار