د.یادگار ئەرگووشی: قەڵای ھەولێر دەبێتە مەڵبەندێکی ڕۆشنبیریی و گەشتیاریی جیھانی

ھەولێر -KDP.info- سەرۆکی کۆمسیۆنی بووژانەوەی قەڵای ھەولێر دەڵێت "لە گۆڤارێکی جیھانی، ھەولێر وەکو یەکێک لە باشترین شار لە ئاسیا دیاری کراوە، قەڵاتیش وەکو شوێنەوارێکی گرنگ ئاماژەی بۆ کراوە کە بۆ ھەشت ھەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، بۆیە ئامانجی ئێمەیە قەڵات ببێتە مەڵبەندێکی ڕۆشنبیریی و گەشتیاریی جیھانی."
د.یادگار محەمەد سەلیم ئەرگووشی، سەرۆکی کۆمسیۆنی بووژانەوەی قەڵاتی ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "مێژووی قەڵاتی ھەولێر بۆ ھەشت ھەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، ئێستا بۆ مەڵبەندێکی ڕۆشنبیریی و گەشتیاریی مۆدێرن ھەنگاوی بۆ دەنرێت، ئەو قەڵاتە لەلایەن گۆڤاری جیھانی (Condé Nast Traveler) وەک یەکێک لە باشترین شارەکانی ئاسیا دیاریکراوە، ئاماژەدان بە قەڵاتی ھەولێر وەک شوێنەوارێکی گرنگ دەرفەتێکە بۆ خستنەڕووی ڕابردوو و ئێستا و داھاتوو، ئەمە دێرینترین شوێنەواری جیھانە."
د.یادگار محەمەد سەلیم ئەرگووشی گوتیشی "گرنگی ئەم قەڵاتە لە سێ ڕەھەندی سەرەکی پێکھاتووە، ئەوانیش مێژوو و شوناسی ٨ ھەزار ساڵ بەڵگەی زیندووە، چونکە قەڵاتەکە تەنیا باڵەخانەیەک نیە، بەڵگەنامەی لەدایکبوونی شارستانییەتە و دۆزراوە شوێنەوارییە نوێیەکان، بەتایبەت دۆزراوە لیپییەکان (Lithic findings)، پاشماوە بەردینەکان سەلماندوویانە مێژووی ژیان لەو قەڵاتە بۆ نزیکەی ھەشت ھەزار ساڵ دەگەڕێتەوە، ئەمەش قەڵات دەکاتە ھەڵگری شوناسی نەتەوەیی ئێمە و سیمبولی مانەوە و خۆڕاگری و شوێنێکە ھەموو ئیمپراتۆرەیەتەکان ھاتن و ڕۆیشتن، بەڵام قەڵات وەک دڵی شاری ھەولێر بەلێدانەوە مایەوە."
گوتیشی "یەکێکی دیکە لە ڕەھەندەکان باری کۆمەڵایەتییە کە ڕۆحی شارە، لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە قەڵات ئەرشیفی زیندووی یادەوەرییەکانی خەڵکی کوردستانە، لەڕووی شێوازی بیناسازی و گەڕەکەکان، ڕەنگدانەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە بەھێزەکان و پێکەوەژیان بووە، بۆیە ئەمڕۆ قەڵات سەرچاوەی شانازی و کۆکەرەوەی ھەمووچین و توێژەکانە لە دەوری یەک مێژوو."
سەرۆکی کۆمسیۆنی بوژانەوەی قەڵاتی ھەولێر ڕوونیشی کردەوە "قەڵاتی ھەولێر لە داھاتوو دەبێتە مەڵبەندی ڕۆشنبیری، بۆیە ئەوەی ئەو دەستکەوتە جیھانییە گرنگتر دەکات پلانی داھاتووی قەڵاتە بۆ بوون بە ناوەندێکی زیندوو نەک تەنیا شوێنەوارێکی بێدەنگ کە ستراتیژیەتی بەوشێوەیە (ئیکۆتوریزم)، قەڵات دەبێتە نموونەیەک بۆ گەشتیاری ژینگەدۆست و دوور لە جەنجاڵی ئۆتۆمبێل، کە تێیدا گەشتیار چێژ لە کەشێکی پاک و مێژوویی وەربگرێت، لەڕووی بووژانەوەی کلتوریش خانووە دێرینەکان بەبەتاڵی نامینێنەوە و دەکرێنە کتێبخانەی دەوڵەمەند و پێشانگای ھونەریی بەردەوام و ناوەندی ئەدەبی."
دەشڵێت "جگە لەوە قەڵات دەبێتە شوێنێکی ناوازە بۆ پشوودانی خێزان و گەشتیاران، تێکەڵکردنی چێژی بینینی مێژوو لەگەڵ چالاکی ھونەری دەبێتە کاتبەسەربردنی بەسوود، بۆیە ناوھێنانی ھەولێر لە ڕیزبەندییە جیھانییەکان دەروازەیەکە بۆ ئەوەی جیھان ببینێت چۆن شارێک ھەشت ھەزار ساڵە زیندووە، ئێستا خۆی نوێ دەکاتەوە و دەبێتە پایتەختی ڕۆشنبیریی و گەشتیاریی جیھانی."
ئەرگووشی باسی لەوەش کرد "بۆ سەری ساڵ لەناو قەڵات چالاکی نابێت و تەنیا دەرەوەی قەڵات دەڕازێندرێتەوە، تەنیا قوتابخانە، زانکۆ و پەیمانگاکان دێن سەردانی قەڵات دەکەن، ئەویش بەپێی لیستێکی دیاریکراو، بۆیە ئەوەی داوا بکات سەردانیا بۆ ڕێکدەخەین، جارێ خەریکی پاراستن و خاوێنکردنەوەی قەڵاتی ھەولێرین و نووژەنکردنەوەی بەردەوامە، ھەندێک شوێن مەترسی داڕمانی ھەیە و پێویستە نوژەن بکرێتەوە، بەڵام ناتوانرێت بەبەردەوامی بکرێتەوە، بەھۆی ئەوەی جارێ مەترسی لەسەرە، ئەوەی داوا بکات ئێمە ھاوکاری دەبین، بەردەوامیش دەبین لە نووژەنکردنەوەی قەڵات وەکو سیمبولی شاری ھەولێر."
ئەوەشی خستەڕوو "سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرینگی زۆر بە شوێنە شوێنەوارە گەشتیارییەکان دەدات، بەتایبەت قەڵاتی ھەولێر زۆر گرنگی پێدەدرێت، لە ماوەیەکی نزیک گرێبەستێک لەگەڵ یونسکۆ ئیمزا دەکرێت و دەست بە نووژەنکردنەوەی ژمارەیەک خانووی قەڵات دەکرێت."
بڵند ئیبراھیم




