٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. محەمەد بۆ KDP: دەرگایەکی تازە و فراوان لە نێوان ھەرێمی کوردستان و میسردا دەكرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، سەردانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ میسر، گرنگییەکی زۆری ھەیە و دەبێتە ھۆی کردنەوەی دەرگایەکی تازە بۆ فراوانکردنی پەیوەندیی نێوان ھەرێم و میسر، ھەر بۆیە ئەو سەردانە واتای گرنگیی ھەرێمی کوردستانە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.

پەیوەست بە سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ میسر، د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، پەیوەندیی نێوان ھەرێمی کوردستان و میسر زۆر باشە و پەیوەندییەکانیش مێژوویین لە سەردەمی بارزانیی نەمر و جەمال عەبدولناسرەوە لە کۆندا لە ساڵانی ١٩٥٠وە دروست بوون، بۆیە پەیوەندییەکان بەردەوامن و ئێستاش لە ھەرێمی کوردستان  کۆمپانیا و وەبەرھێنەری زۆری میسری کار دەکەن و کۆنسووڵخانەیەکی زۆر کاریگەر و کاراشیان لە ھەرێمی کوردستان ھەیە و بەردەوامیش لە هەوڵدان بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی فراوانتر لە ھەرێمی کوردستان کار بکەن.

سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان ئەوەش دەخاتەڕوو، پەیوەندیی نێوان ھەرێمی کوردستان و میسر لە رێگەی کۆنسووڵخانەکەیانەوە لە ھەولێر لە بواری سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەوە زۆر باشە و سەردانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بۆ وڵاتی میسر و دیداری لەگەڵ سەرۆکی میسر، مانای ئەوە دەگەیەنێت کە ھەرێمی کوردستان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا زۆر گرنگە و دەبێتە ھۆی ئەوەی پەیوەندیی باشتر لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە لەگەڵ وڵاتی میسر دروست ببێت، بۆیە دەرگایەکی فراوانی ئابووری و بازرگانی و سیاسی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و میسردا دەبێتەوە.

ئێوارەی دوێنێ شەممە ۲۰/١٢/٢٠٢٥ مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە قاھیرەی پایتەختی میسر و لەلایەن ئەحمەد فوئاد ھنو، وەزیری ڕۆشنبیری و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی میسرییەوە پێشوازی لێ کرا.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار