د. شاری بۆ KDP: ئه‌م ڕووداوەش كوردستانی هێنایه سه‌ر سته‌یجی جیهانی

سلێمانی-KDP.info- پسپۆرێكی یاسای گشتیی نێوده‌وڵه‌تی پێی وایه، كورد له ڕووی دیپلۆماسیی گشتی و هاووڵاتییه‌وه توانیویه‌تی سه‌رنجی ڕای گشتیی جیهانی بۆ پرسی كورد ڕابكێشێ، هانده‌رانی زاخۆش بوونه باڵیۆزی نه‌ته‌وه‌یه‌كی بێ ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی.
پ.ی د. شاری خالید مەعرووف نانه‌كه‌لی، مامۆستای یاسای گشتیی نێودەوڵەتی لە بەشی یاسای زانکۆی سۆران، له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، سه‌باره‌ت به گرنگیی دیپلۆماسیی هاووڵاتی و پابلیك دیپلۆماسی و ڕۆڵی ئه‌و بابه‌ته له به‌ره‌وپێشبردنی پرسی كورد و هانده‌رانی یانه‌ی زاخۆ به نموونه، ڕایگه‌یاند: "ده‌توانین بڵێین دیپلۆماسیی هاووڵاتی یان پابلیك دیپلۆماسی له بواره كلتووری و شارستانی و وه‌رزشییه‌كاندا، له گرنگترین ئامرازه‌كانی هێزی نه‌رمە كه ده‌توانێ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر وێنه‌ی گشتیی پرسی كورد و كوردستان دابنێت له پانتایی ڕای گشتیی نێوده‌وڵه‌تیدا."
نانه‌كه‌لی هه‌روه‌ها ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پرسی دیپلۆماسیی گشتی یان دیپلۆماسیی هاووڵاتی، په‌یوه‌ندییەکی ڕاسته‌وخۆیه به جه‌ماوه‌ری وڵاتان و ڕای گشتیی ئه‌وانه‌وه، ئه‌م پرۆسه‌یه له ڕێگه‌ی كلتوور، میدیا، په‌روه‌رده و وه‌رزشه‌وه دێته ئاراوه، به ئامانجی دروستكردنی وێنه‌یه‌كی پۆزه‌تیڤ بۆ ده‌وڵه‌ت یان قه‌واره‌ی سیاسی، كه نه‌ك ته‌نیا له ڕێگەی كه‌ناڵه فه‌رمییه‌كانه‌وه، به‌ڵكو ئه‌م جۆره له دیپلۆماسی بۆ گه‌لی ئێمه زۆر پێویسته، كه بریتییه له ده‌ستپێشخه‌ریی تاكه‌كانی وه‌ك هونه‌رمه‌ندان و وه‌رزشوانان و چالاكانی مه‌ده‌نی بۆ دانانی كاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕای گشتیی ده‌ره‌كی سه‌باره‌ت به دۆزه گه‌وره‌كه‌ی كوردستان."
سه‌باره‌ت به ئه‌زموونی كورد له ڕووی كلتووری و فێستیڤاڵ و موزیك و هونه‌ره‌وه، ئه‌و پسپۆره‌ی یاسای نێوده‌وڵه‌تیی گشتی ڕوونی كرده‌وه: "كورد ئه‌زموونێكی باشی هه‌یه له دیپلۆماسیی گشتیدا، ئه‌م جۆره له دیپلۆماسی پێویستی به داموده‌زگای فه‌رمی و یاسا و ڕێسای ئیلزامیی نێوده‌وڵه‌تی نییه كه ده‌وڵه‌تێك له‌سه‌ریه‌تی له‌به‌رچاویان بگرێت، به‌ڵكو یانه وه‌رزشییه‌كان و گرووپه‌كانی موزیك، هونه‌ر و شانۆ ده‌توانن ئه‌نجامی بده‌ن و كورد و كه‌له‌پووره ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ی پێشانی جیهان بده‌ن."
ناوبراو پەیوەست بە ڕۆڵی وه‌رزش له دیپلۆماسیی گشتیشدا، گوتی: "وه‌رزش وه‌ك ئامرازێكی دیپلۆماسیی كوردی ڕۆڵی هه‌بووه له ناساندنی كورد، ئه‌ده‌بیاتی سیاسیی هاوچه‌رخشیش دان به ڕۆڵی گرنگی وه‌رزشدا ده‌نێت، چونكه ده‌وڵه‌ت و قه‌واره سیاسییه‌كان به‌كاری ده‌هێنن بۆ جوانتركردنی وێنه‌ی ده‌ره‌كیی خۆیان و دروستكردنی پرد له نێوان خۆیان و ده‌وڵه‌تانی دی كه تیپه وه‌رزشییه‌كان ئه‌و ڕۆڵه ده‌گێڕن له ده‌ره‌وه‌ی ململانێی گه‌رمی سیاسیی نێوان ده‌وڵه‌تاندا."
سه‌باره‌ت به به‌خشینی خه‌ڵاتی باشترین هانده‌ران لەسەر ئاستی جیهان بۆ یانه‌ی زاخۆ لەلایەن فیفاوە، د. شاری نانه‌كه‌لی دەڵێ: "وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی باشترین هانده‌رانی یانه‌ی وه‌رزشی له ئاستی جیهان، پاش ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه مرۆییه كه‌موێنه‌یەی هانده‌رانی یانه‌ی زاخۆ دێت، کە بۆ پاڵپشتیی منداڵانی نه‌خۆش ئه‌نجامیان دا، ئه‌مه ڕووداوێكی ساده نه‌بوو، چونكه ناوی كوردستانی هێنایه سه‌ر سته‌یجی میدیای جیهانی و فه‌زای دیجیتاڵی له چوارچێوه‌یه‌كی ڕەمزیی مرۆیی‌دا، ئه‌م ڕووداوه وای كرد كورد و دۆزه‌كه‌ی ته‌نیا له چوارچێوه‌ی ململانێی سیاسی نه‌بینرێ و شۆڕ بێته‌وه بۆ ئاستی كلتوور و فه‌رهه‌نگ و وێنه به‌رز و به‌هاداره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان له دیدی جیهانیان، هاوكۆك بوو له‌گه‌ڵ به‌ها به‌رزه جیهانییه‌كان و ئه‌وه‌ی له زاخۆ ڕووی دا به‌ئارگۆمێنتكردنی به‌ها ئه‌خلاقییه‌كانی كوردستان بوو له ڕای گشتیی جیهانی بۆ كارێكی مرۆیی به‌رز، هانده‌رانی زاخۆ به‌و كاره پڕ واتاییه‌یان توانییان به‌بێ دامه‌زراوه‌یه‌كی فه‌رمیی سیاسی و ده‌وڵه‌تی، ببنه باڵیۆزی كوردستان بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی پرسی كورد و واتاداركردنی ڕای گشتیی جیهانی و وڵاتان به سه‌یركردنی پرسی كورد له چوارچێوه‌ی یه‌كه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ له داهاتوودا."
سه‌لاح جه‌لال




