خانی بۆ KDP: بەنداوە گەورەکان ٢٥٠ و بچووکەکانیش ٤٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاویان تێدا گل دراوەتەوە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو دووقات ئاو لە بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان گل دراوەتەوە و بارانێکی زۆر باش باریوە تەنیا دوو بەنداو نەبێت، کە چاوەڕێ دەکرێت ئەوانیش لە شەپۆلی داھاتووی بارانبارین پڕئاو بن.
ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، دوای ئەوەی لە چەند رۆژی ڕابردوودا شەپۆلێکی بارانبارین ھەرێمی کوردستانی گرتەوە، بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان ئەوانەی گەورەن ٢٥٠ ملیۆن مەتر سێجار ئاویان تێدا گل دراوەتەوە و بەنداوە بچووکەکانیش ٤٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاویان تێدا گل دراوەتەوە و هەروەها بەشێکی دیکەی بەنداوە بچووکەکانیش ئاویان تێدا کۆکراوەتەوە، بەڵام پڕ نەبوون و چاوەڕێ دەکەین لە شەپۆلی دیکەی بارانبارین ئەوانیش پڕ بن لە ئاو و دوو بەنداوی دیکەی گەورەش ھەن ئەوانیش هی دھۆک و گۆمەسپانن، کە ئەوانیش پڕ نەبوون لەئاو بەھۆی ئەوەی بارانی کەمی لێ باریوە، بۆیە چاوەڕێ دەکەین ئەوانیش لە شەپۆلی دیکەی بارینی باران پڕئاو بن.
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، بارانبارینی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زۆر زیادی کردووە بە دووقات و زیاتریش جگە لە چەند ناوچەیەکی کەم نەبێت، بۆیە ئەمساڵ بارانی زۆر باش باریوە و چاوەڕێ دەکرێت بارانی زیاتریش لەمساڵدا ببارێت، بۆیە سوودی زۆر باشی دەبێت بە تایبەت بۆ کشتوکاڵ، جگە لەوەی لە چەمچەماڵ و گەرمیان زیانی زۆری ھەبوو، ئەوەش کارەساتی سرووشتییە، بۆیە دەتوانین سوود لە لافاوەکان وەرگرین بەتایبەت ئەوانەی پۆندی لێ دروست کراون، بۆ ئەوەی ئاویان تێدا گل بدرێتەوە، ھەر لەبەر ئەوەش بەگشتی بارانی ئەمجارە سوودێکی زۆری ھەبووە بۆ بەنداوەکان بە گشتی ئەوانەی گەورە و بچووکیشن.
بڵند ئیبراھیم




