٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی هەرێم هەوڵی لێکنزیککردنەوەی لایەنە کوردستانییەکان دەدات

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، هەوڵێکی جدی دەدەن بۆ کۆکردنەوە و یەکدەنگیی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بەر لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ئاماژە بەوە دەکات، ''دڵنیاین کە بەمزووانە چارەسەرێک دەدۆزرێتەوە.''

ئەمڕۆ چوارشەممە 17-12-2025، فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی ئاهەنگی ڕۆژی نیشتمانیی قەتەر لە هەولێر، سەبارەت بە پێکهێنانی حکوومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان قسەی بۆ میدیاکان کرد.

 فەوزی هەریری گوتی، ''لە یەکەم ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەوڵی دروستکردنی یەکدەنگی لەنێوان لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی داوە، ''پەیامی جەنابیان ئەوە بووە کە پێویستیمان بەوە هەیە بە یەکدەنگییەوە بچینە بەغدا، دروشمی سەرکەوتنی هێزە کوردستانییەکان بۆ جێبەجێکردنی دەستوور بووە لە عێراق.''

بەگوتەی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ''زۆربەی کێشەکان بە جێبەجێکردنی دەستوور چارەسەر دەکرێن. بۆیە داوای سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوە بووە کە پێویستە ئەو کوردانەی بە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان دەچنە بەغدا، یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بن.'' 

فەوزی هەریری گوتی، ''لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بەردەوام لە گفتوگۆداین، هێشتا ماویەتی بۆ یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق. بە زووترین کات هەوڵێکی جدی دەدەین بۆ کۆکردنەوەی لایەنە سیاسییەکان، تەنانەت ئەگەر لەسەر بابەتێکی بچووک ڕێکنەکەوین، پێویستە لەسەر بابەتە ستراتیژییەکان کە لە بەرژەوەندیی کورد و هەرێمی کوردستاندان، کۆک بین. ئەوە ئامانجمانە و بەردەوام کاری بۆ دەکەین.''

پەیوەست بە هەڵوێستی پارتی و یەکێتیی سەبارەت بە ستراتیژیی کورد لە بەغدا، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ''هەردوولا کۆکن لەسەر ئەوەی کە پێویستە یەکدەنگ بین. بەڵی کێشەیان هەیە و لە گفتوگۆدان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پرسی بەغدا، بەڵام سەبارەت بە بابەتە ستراتیژی و بەرژەوەندییەکان هەردوولا شارەزایی باشیان هەیە کە پێویستە پێکەوە کار بکەن''.

وەک فەوزی هەریری ئاماژەی دا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە هەوڵدان و داواکردن بۆ پێکهێنانی یەکهەڵوێستیی نێوان یەکێتی و پارتی بەرامبەر بەغدا.

 سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەردەوام هانی یەکێتی و پارتی دەدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بەردەوام ڕۆڵێکی ئەرێنی هەیە بۆ نزیکترکردنەوەی بۆچوونەکان.

هەواڵی پەیوەندیدار