٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیری بارزگانی بۆ KDP: پارەی جووتیاران گەیشتووە و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- وەزیری بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، وەجبەیەکی دیکەی پارەی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان گەیشتووە و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

 پەیوەست بە گەیشتنی وەجبەیەکی دیکەی پارەی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دوا و گوتی، "حکوومەتی عێراق ٢٤ ملیار دیناری دیکەی وەکو پارەی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان ناردووە و پارەکەش بووە بەچەک و ڕێکاری بانکی و کارگێڕی بۆ دابەشکردنی پارەکە بەسەر جووتیاران ماوە.

کەمال موسلیم گوتیشی، "ئەوپارەی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا بۆ ھەرێمی کوردستان نێردراوە و دوای ئەوەی ڕێکارەکانی تەواو دەکرێت دەست بە دابەشکردنی دەکرێت، بۆیە ھەوڵدەدرێت بەزووترین کات ڕێکارەکان تەواوبکرێن بۆ ئەوەی شایستە داراییەکانی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان دابەش بکرێت.

ئەمساڵ  بەغدا ٤٠٠ ھەزار تەن گەنمی لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەرگرتووە تەنی بە ٨٥٠ ھەزار دینار و پارەی گەنمەکەش  زیاتر لە٣٠٠ ملیار دینارە و تاوەکو ئێستاش نزیکەی ٧٣ ملیار دیناری دابەشکراوە.

 

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار