سەفین دزەیی: کوردستان ئەو ژینگە لەبارەیە کە بۆ پێکەوەژیان فەراھەمی کردووە

ھەولێر-KDP.info- لە چوارچێوەی فراوانکردنی بازنەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و کرانەوەی ھەرێمی کوردستان بە ڕووی ناوەندە جیھانییەکاندا، پایتەختی ھەرێمی کوردستان بووە وێستگەی دامەزراندنی ناوەندێکی گرنگی ستراتیژی بە ناوی (ناوەندی لێکۆڵینەوەی دەستپێشخەریی چین)، کە ئامانج لێی پتەوکردنی پایەکانی ئاشتی و خوێندنەوەی وردە بۆ داھاتووی پەیوەندییەکان لە ڕێگەی دیدگایەکی ئەکادیمییەوە.
لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی ئەم ناوەندەدا، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، تیشکی خستە سەر پێگەی ھەرێم و ئاماژەی بەوە دا، دامەزراندنی ئەم جۆرە ناوەندانە لە ھەولێر، نیشانەی ئەو ژینگە لەبارەیەیە کە کوردستان بۆ پێکەوەژیان و ھەمەچەشنی فەراھەمی کردووە.
بە بڕوای بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ھەرێمی کوردستان لە پرسی قبوڵکردنی جیاوازییەکان و فرەیی پێکھاتەکاندا ھەنگاوی گەورە و دڵخۆشکەری بڕیوە، ئەم فرەچەشنییەش وەک سەرچاوەی ھێز و دەوڵەمەندیی کۆمەڵگەی کوردی سەیر دەکرێت کە یارمەتیدەرێکی بەھێزە بۆ فراوانکردنی ئاسۆی بیرکردنەوەی سەرکردەکان لە کاتی داڕشتنی پلانەکان بۆ نەوەی داھاتوو.

سەبارەت بە گرنگیی ناوەندەکەش، دیدگای حکوومەتی ھەرێم ئەوەیە، بوونی ئەم سەکۆیانە دەبێتە ھۆی بەھێزکردنی ئاشتی و سەقامگیریی زیاتر، ھەروەھا ڕەخساندنی جۆرێک لە پێشبڕکێی تەندروست کە لە کۆتاییدا لە بەرژەوەندیی مرۆڤایەتی و خزمەتکردنی خەڵکدا دەشکێتەوە، ئەمەش ھاوتابوونی سیاسەتی ھەرێمی کوردستان نیشان دەدات لەگەڵ کرانەوە بە ڕووی ئەزموونە جیھانییەکان بۆ سوود وەرگرتن لە ئیدارەدانێکی باشتر.
کردنەوەی ئەم ناوەندە لە ھەولێر لە کاتێکدایە، کۆماری میللیی چین لە ڕێگەی پڕۆژەی گەورەی (یەک پشتێن و یەک ڕێگا) ھەوڵی فراوانکردنی پەیوەندییەکانی ئابووری و کولتووریی خۆی دەدات لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، ھەڵبژاردنی ھەولێر بۆ ئەم دەستپێشخەرییە، ئاماژەیە بۆ گرنگیی پێگە جیۆپۆڵەتیک و سەقامگیرییە ئەمنییەکەی ھەرێمی کوردستان لە چاوی زلھێزەکانەوە.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا، پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و پەکین گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەت لە بواری وەبەرھێنان و وزەدا، و ئێستاش بە کردنەوەی ئەم ناوەندە، پەیوەندییەکان دەچنە قۆناغێکی نوێوە کە ئاڵوگۆڕی فکری و ستراتیژییش لەخۆ دەگرێت، ئەمەش دەرفەت دەداتە ھەرێمی کوردستان کە جگە لە ڕۆژئاوا، پەیوەندییەکی ھاوسەنگیش لەگەڵ جەمسەرەکانی دیکەی وەک چین ڕابگرێت.




