٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی ناوخۆ کۆگایەک بۆ وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە سۆران دابین دەکات

سەرچاوە: KDP.info

سۆران-KDP.info-  وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری ڕێکخراوی ئەڵمانی، کۆگایەکی تایبەت بە وەڵامدانەوەی قەیران و کارەساتەکان بۆ ئیدارەی سۆران دابین کردووە.

عەباس ئەمیر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "لەپێناو بەهاناوەچوونی هاووڵاتییان لە کاتی کارەسات و قەیرانەکان، حکوومەتی هەرێم کۆگایەکی بۆ ئیدارەی سۆران دابین کرد."

دەشڵێت: "لەڕێی وەزارەتی ناوخۆ و ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان داوامان پێشکەش کرد لە سۆران کۆگایەک بۆ وەڵامدانەوەی قەیرانەکان دابین بکرێت. بەخۆشحاڵییەوە داواکەمان جێبەجێ کرا، ئەم کۆگایە لەسەر ڕاسپاردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پشتیوانی وەزارەتی ناوخۆ و ڕێکخراوێکی ئەڵمانی دابین کراوە."

بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیران و کارەسات لە سۆران، پێزانینی خۆی دەربڕی و گوتی: "ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان، لەڕێی دوو تڕەیلە و لۆریەک، کەلوپەلی پێداویستی تایبەت بە قەیرانەکانمان بۆ نێردرا، وەک ماددەی خۆراکی، سەرین، بەتانی، دۆشەک و ڕایەخ."

ئەمیر ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم کەلوپەلانە لە کاتی ڕوودانی قەیران و کارەسات و لافاو و بوومەلەرزەدا، بە مەبەستی بەهاناوەچوونی لێقەوماوان، دابەشی سەر هاووڵاتیانی هەر شەش قەزای سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکرێت.

ئەژین غەفار

هەواڵی پەیوەندیدار