کۆبوونەوەیەک بۆ ئامادەکارییەکانى ماڵئاواییکردن لە 2025 و پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ ئەنجامدرا

ھەولێر-KDP. info- لە کۆبوونەوەیەکدا لە پارێزگای ھەولێر لە پێناو پاراستنی سەروماڵی هاونیشتمانیان و گەشتیاران و ڕێگەگرتن لە هەر ڕووداوێکى نەخوازراو و نایاسایی و گرتنەبەری ڕێو شوێنی ئەمنی پێویست، پارێزگارى هەولێر تەئکیدى لەلایەنەكان کردەوە بێجگە لە پلان و بەرنامە و ڕێککارەکانی تایبەت بە خۆیان، بۆ پێشوازیکردن لەو ژمارە زۆرەى گەشتیاران کە ساڵانە بەبۆنەى سەرى ساڵەوە لە ناوەڕاست و خوارووى عێراق و وڵاتانى ترەوە ڕوو لە پایتەختى هەرێمى کوردستان دەکەن، هەماهەنگ و هاوكاری یەكتربن.
ئەمڕۆ دووشەممە 2025.12.15، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ئامادەبوونى جێگرانى پارێزگار و یاریدەدەرى پارێزگار، سەبارەت بە ڕێورەسمى كریسمس و شەوى سەری ساڵ و ئامادەکارییەکانى ماڵئاواییکردن لە 2025 و پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ قائیمقامى ناوەندی، بەڕێوەبەرانی گشتیى گەشت و گوزار، تەندروستیى، سەرۆكی شارەوانی و بەڕیوەبەرانى پۆلیس، هاتووچۆ، بەرگری شارستانی، جێگری بەڕێوەبەری ئاسایش، و بەرپرسانی دیكە هێزەکانى ناوخۆ ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، لە پێناو پاراستنی سەروماڵی هاونیشتمانیان و گەشتیاران و ڕێگەگرتن لە هەر ڕووداوێکى نەخوازراو و نایاسایی و گرتنەبەری ڕێو شوێنی ئەمنی پێویست، ئەرک بەسەر تەواوى هێزە ئەمنییەكان ( پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانى، پۆلیسی فریاکەوتن، چالاکییە مەدەنییەکان، هاتوچۆ، بەرگریی شارستانی و تیمە تەندروستییەکان ) لە سەرجەم شوێنە گشتییەكان و ئەو جێگایانەی كە هاوڵاتییان و گەشتیاران ڕووى تێدەکەن دابەشکرا، لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر، تەئکیدى لەلایەنەكان کردەوە بێجگە لە پلان و بەرنامە و ڕێککارەکانی تایبەت بە خۆیان، بۆ پێشوازیکردن لەو ژمارە زۆرەى گەشتیاران کە ساڵانە بەبۆنەى سەرى ساڵەوە لە ناوەڕاست و خوارووى عێراق و وڵاتانى ترەوە ڕوو لە پایتەختى هەرێمى کوردستان دەکەن، هەماهەنگ و هاوكاری یەكتربن.
هەروەها پارێزگارى هەولێر، وێڕای دەستخۆشی لە هێزە ئەمنیەکان و فەرمانگە خزمەتگوزراییەكان بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان، دڵنیایى بە هاوڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویستی شاری هەولێری پایتەختدا، کە بەهەموو توانایەکەوە بەپشت بەستن بە توانا و چاووکراوەیی هێزە ئەمنیەکان، سەروماڵیان پارێزراوە و داواشى لە هاوڵاتییان کرد وەک هەمیشە هاوکار و هەماهەنگى هێزەکانى ناوخۆ بن.
لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، دواى گفتوگۆکردن لە بارەى دیاردەى سواڵکردن لە ترافیک و نێو بازاڕ و بەردەم مزگەوتەکان و شوێنە گشتیەکان، جەخت لە ڕێگەگرتن لەو دیاردە ناشیرین و دزێوى ناو کۆمەڵگە کرایەوە، کە کەسانێک خوویان پێوە گرتووە، بۆ ئەو مەبەستەش پارێزگارى هەولێر لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپارد بەپێى ڕێنمایی و یاسا بەرکارەکان بۆ نەهێلانى دیاردەى سواڵکردن ڕێكاری پێویست بگرنەبەر.
جێگەى باسە، ساڵانە لە هەولێری پایتەخت هاوشێوەی پایتەختە پێشکەوتووەکانی جیهان، دەست دەکرێت بە ئامادەکارییەکان بۆ شەوى سەرى ساڵ و پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ و لەلایەن کەرتى تایبەتەوە فیستیڤاڵ و ئاهەنگى فراوانى جەماوەرى ئەنجامدەدرێت، بەهۆى ئەو ئارامى و ئاسایشەى لە هەرێمى کوردستانیش بەرقەرارە ژمارەیەکى زۆریش لە گەشتیارانى ناوەڕاست و خواروى عێراق و تەنانەت لە وڵاتانى تریشەوە ڕوو لە پایتەختى هەرێمى کوردستان دەکەن، لە هەموو ساڵێکیشدا ئیدارەى خۆجێیى هەولێر، قەڵای مێژوویی هەولێر و باخی شار و زۆربەی شوێنە گشتییەکانی ترى شارى هەولێر بەمبۆنەیەوە دەڕازێنێتەوە، کە لە شەواندا جگە لە نیشاندانى جوانی پایتەخت و ئاسایش و ئارامی هەولێر، سەرنجی جیهان بۆ لای خۆی ڕاكێشاوە.







