کۆمسیۆن قۆناغەكانی دوای ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردن و پەسەندکردنی بۆ KDP دەخاتەڕوو

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێ، دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی پەسەند کرد، پێویستە لە ماوەی ١٥ رۆژدا پەرلەمانی عێراق یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات و پەرلەمانتارانیش سوێندی یاسایی بخۆن و سەرۆک و جێگرانی سەرۆکی پەرلەمان ھەڵبژێردرێن.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "بەپێی ماددەی ٥٤ لە دەستووری عێراق دوای ئەوەی لە ڕێککەوتی ١٤/١٢/٢٠٢٥ دادگای فیدراڵی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی پەسەند کرد، پێویستە لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا پەرلەمانی عێراق یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات و ئەندامان سوێندی یاسایی بخۆن و تێیدا سەرۆک و جێگرانی سەرۆکی پەرلەمانی ھەڵبژێرن.
جومانە غەلای هەروەها ڕوونیشی کردەوە، "دوای ھەڵبژاردنی سەرۆک و جێگرانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، پێویستە لە ماوەی یەک مانگدا بەپێی ماددەی ٧٢ی دەستووری عێراق، سەرۆکی کۆماری عێراق ھەڵبژێرن و دوای ھەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕاسپێردرێت و دوای ئەوەش لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو حکوومەتی تازەی عێراق پێکبێنێت.
بڵند ئیبراھیم




