٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شیفا بارزانی دیدگای خۆی بۆ چۆنیەتیی کارکردنی ڕەوەندی کوردی خستەڕوو

سەرچاوە: KDP.info

ئەڵمانیا-KDP.info- لە میانی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ڕۆژی ئاڵای کوردستان لە وڵاتی ئەڵمانیا، شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی، پەیامێکی ئاراستەی گەنجانی کورد لە تاراوگە کرد و تێیدا جەختی لەوە کردەوە، خەباتی سەردەم بۆ کورد تەنیا لە سەنگەرەکاندا نییە، بەڵکو تێکەڵەیەکە لە ڕۆحییەتی پێشمەرگایەتی و بەدەستھێنانی زانست، ھاوکات داوای لێکردن ببنە نموونەی باڵا و ھاووڵاتیی پلە یەک لەو وڵاتانەی تێیدا دەژین.

لە چالاکییەکدا کە فیدڕاسیۆنی لاوانی ڕەوەندی کوردستانی ڕێکیخستبوو، شیفا بارزانی لە وتارێکدا دیدگای خۆی بۆ چۆنیەتیی کارکردنی ڕەوەندی کوردی خستەڕوو. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، کلتووری کورد ھەمیشە کلتووری ئاشتی و دەستدرێژینەکردن بووە بۆ سەر دراوسێکان، بەڵام لە ھەمان کاتدا کورد ھەرگیز لە ئاست داگیرکاری و دەستدرێژیدا چۆکی دانەداوە و بە مەردایەتی بەرگری لە خاکەکەی کردووە، دوور لە ھەر کارێکی تیرۆریستی یان نامەردانە.

سەبارەت بە ئەرکی گەنجان لە دەرەوەی وڵات، سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی داوای کرد، گەنجان دوور بکەونەوە لە ھزری توندڕەوی و ماددە ھۆشبەرەکان، چونکە ئەو ڕەفتارانە لەگەڵ ئەخلاقی بەرزی کۆمەڵگەی کوردەواریدا یەکناگرنەوە.

لە بەرانبەردا، شیفا بارزانی ھانی گەنجانی کوردی دیاسپۆرا و بەتایبەت ئەڵمانیای دا، شەڕی خۆیان لە ڕێگەی خوێندن و پێشکەوتنی زانستییەوە بکەن و بەشداریی کارا لە پڕۆسە سیاسی، کۆمەڵایەتی، وەرزشی و ھونەرییەکاندا بکەن.

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا، شیفا بارزانی ئەزموونی خۆی وەک نموونەیەک ھێنایەو، بەوەی چۆن لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا و لە کاتێکدا پێشمەرگە بووە، ڤیزەی خوێندنی بۆ ئەڵمانیا بۆ ھاتووەتەوە. ناوبراو ئاشکرای کرد کە سەرەتا داوای لە سەرۆک بارزانی کردووە ڕێگەی بدات نەچێت و لە سەنگەردا بمێنێتەوە، بەڵام سەرۆک بارزانی ئامۆژگاری کردووە کە دەرفەتی ھەڵگرتنی چەک ھەمیشە ھەیە، بەڵام دەرفەتی گەشەپێدانی عەقڵ و خوێندن ھەمیشە ڕێک ناکەوێت، بۆیە پێویستە ئەو ڕێگەیە ھەڵبژێرێت.

ھەر لە چوارچێوەی گرنگیدان بە پەیوەندیی نێوان تاراوگە و نیشتمان، شیفا بارزانی بەرنامەیەکی نوێی ئاشکرا کرد کە بەپێی پلانەکە، ساڵانە دوو جار گەنجانی تاراوگە دەھێنرێنەوە بۆ کوردستان تاوەکو پەیوەندییە ڕۆحی و نیشتمانییەکانیان زیندوو بمێنێتەوە.

ناوبراو جەختی لەسەر پاراستنی قەوارەی دەستووریی ھەرێمی کوردستان وەک دەستکەوتێکی نەتەوەیی کردەوە و ھاوکات پشتیوانیی خۆی بۆ خەباتی ئاشتیانەی پارچەکانی دیکەی کوردستان دووپات کردەوە.ئەم سەردان و وتارەی شیفا بارزانی لە چوارچێوەی ھەوڵە چڕەکانی ئەم دواییەی بارەگای بارزانی و فیدراسیۆنی لاوانی ڕەوەندی کوردستانیدا دێت بۆ ڕێکخستنەوەی ماڵی کورد لە ئەورووپا و دروستکردنی لۆبییەکی بەھێز، ئامانجی سەرەکیی ئەم ھەوڵانە، دروستکردنی پردێکی پەیوەندیی پتەوە لە نێوان ئەو نەوە نوێیەی کە لە دەرەوەی وڵات گەورە بوون لەگەڵ دۆزی ڕەوای گەلەکەیان، بە ئاراستەیەک کە لەبری توندوتیژی، سوود لە توانای زانستی و دیپلۆماسیی ئەو گەنجانە وەربگیرێت بۆ خزمەتکردنی پرسی کورد.

هەواڵی پەیوەندیدار